سێ ڕۆژ لە شوێنێكی پارێزگای هەولێر كارەبای نیشتمانی نابڕێ
ماوەی دوو ڕۆژە كارەبای نیشتمانی لە ئیدارەی سۆران نەبڕاوە، بڕیاریشە پێدانی ئەو كارەبایە بۆ ئەمڕۆ بەردەوام بێت بەبێ بڕان، هۆكارەكەشی بەهۆی كەمیی كارەبایە لە مانگی رابردوو كە بە هاووڵاتییان دراوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢٢/١٠/٢، کۆڤان فاخر هاووڵاتی لە سنوری ئیدارەی سۆران، بە دەزگایی میدیایی “خواکوڕك”ـی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە كارەبای نیشتمانی لە سنووری ئێمە نەبڕاوە، بە گوتەی بەرپرسانی كارەبا ئەمڕۆیش كارەبا نابرێ.
ئەو هاووڵاتییە دڵخۆشبوو بە بوونی كارەبای نیشتمانی بۆ ماوەی 72 سەعات بەبێ بڕان و رایگەیاند، هیوادارم هاووڵاتییان بەشێوەی دروست بەكاری بهێنن و زێدەڕۆیی لێ نەكەن.
فەیسەڵ حوسێن بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای ئیدارەی سۆران رای گەیاندووە، وەزارەتی كارەبا بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی مانگەكانی رابردوو، بۆ ماوەی سێ رۆژ كارەبا دەداتە هاوبەشانی كارەبا لە ئیدارەی سۆران، هەروەها ئەو كارەبا بەردەوامەی ئێستا هەیە، تێست نییە وەك بەشێك لە هاووڵاتییان باسی دەكەن، بەڵكو قەرەبووكردنەوەیە.