وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: نەوەی نوێ لە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان راستگۆ نەبوو

لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تیمەکانی سەر بە وەزارەت لە پارێزگای سلێمانی، دەستیان بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان کرد، دوای ئەوەی ماوەی هەفتەیەک مۆڵەت درا بە نەوەی نوێ، بەڵام لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبوون و نەهاتنە پێشەوە”

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ”جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دوای ئەوە دێت کە پێشتر لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتی دارایی لە 22/6/2022 ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن و 828 هەزار دینار دەربڕی، بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان”.

 

باس لەوەش کراوە: لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ تونێلی دەربەندیخان، لە مانگی 4ی ئەمساڵدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەڵێنی دا تونێلەکە نۆژەن بکرێتەوە، ئێستا کارکردن بۆ دروستکردنی تونێلی نوێی دەربەندیخان بەردەوامە.

هاوکات لە راگەیێندراوەکە بۆ هاوولاتیان روونیشکراوەتەوە کە ”دوای ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد بۆ کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە، وەک وەزارەت وەڵامیان درایەوە کە ئەگەر جددین و بەڕاستیانە با بێن کارەکە بکەن و ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتیان پێ درا، بەڵام ڕاستگۆ نەبوون و نەهاتنە پێشەوە و کارەکەیان نەکرد و لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبوون، تەنها نمایش و بانگەشەیەکی ڕاگەیاندنیان بەڕێوە برد بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک”.

 

جەخت لەوەش کراوەتەوە: ”وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە سەرجەم ناوچەکان و لەو چوارچێوەیەشدا، بایەخی گرنگی بە سنووری دەربەندیخان و گەرمیان داوە، بە جۆرێک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ماوەی ئەم کابینەیەدا زیاتر لە هەشت جار پڕۆژەکانی سنوورەکەی بەسەر کردووەتەوە و ژمارەیەک پڕۆژە لە سنوورەکە جێبەجێکراون و ژمارەیەک پڕۆژەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە”.

 

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باسی لەوەش کردووە: ”بەڵێنمان دابوو لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی ڕێگای ناوتاق لە دەربەندیخان دەست پێ دەکات، بۆ ئەوەی تاوەکوو دروستکردن و تەواوبوونی تونێلی دووەمی دەربەندیخان وەک ڕێگایەکی جێگرەوە هاووڵاتییان سوودی لێ ببینن”.

Back to top button