پەرلەمانتارێكی پارتی وادەی دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار ئاشكرا دەكات
ئێستا دۆخی سیاسی عێراق لە چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی ناكۆكییەكانی ناو ماڵەكانی شیعە و كوردە، چونکە ململانێی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوامە و پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت دانیشتنی دیاریكردنی سەرۆك كۆمار لە ماوەی ئەم مانگەدا ساز دەكرێت.
مەحما خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ناكۆكی لە نێوان هێزە سیاسییەكان هەیە، ئەوەیش حاڵەتێكی تەندروستە و لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراسی دێت، دووپاتی كردەوە، لە ماوەی داهاتوودا هێزە كوردییەكان دەست بە كۆبوونەوە دەكەنەوە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەركۆمار.
روونی كردەوە، ئەوەی رێگرە لەبەردەم رێككەوتنی ئەوان، پۆستە سیادییەكانە لە ناو هەرێم و لە عێراقیش، ئاشكرای كرد كە رۆژانی داهاتوو جموجۆڵێكی چڕ بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە بەخۆیەوە دەبینێت، لەو ناوەدا شاندێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دیاریكردنی دوایین ئامادەسازییەكان بۆ دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار، رانەگەیاندنی كاندیدی سەركۆماریش بەهۆی هەستیاری دۆخەكەیە.