ئومێد خۆشناو: سەرجەم پڕۆژەکان بەبێ جیاوازى لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکەین
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکە کە سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5/10/2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە: “ئەمڕۆ بەردى بناغەى قۆناغی دووەمى پڕۆژەى قیرتاوکردنی 23 شەقاممان لە گوندی سێبەردان دانا، كه بەگوژمەى 240 ملیۆن و 350 هەزار دینار لەسەر بودجەی 15% داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بە شێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێدەکرێت، ماوەی تەواوکردنى پڕۆژەکەش 75 ڕۆژە”.
دەشڵێت: “ئەم پڕۆژەیە قۆناغى دووەمە و لە قۆناغى یەکەمدا چەندین کۆڵانى ترى سێبەردان قیڕتاوکران، لەماوەیەکى تریشدا قۆناغى سێیەم و کۆتایی دەستپێدەکات، بەتەواوبوونى قۆناغی سێیەمی هیچ کۆڵان و شەقاێک نامێنێت لەسێبەردان قیرتاو نەکرابێت”.
ئاماژەشی بەوەداوە: “هەموو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى ئەنجامدەدرێت چ ئەوانەى لەسەر بودجەى سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانە، یان ئەوانەى لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێرە مەبەست لێى خزمەتکردنى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمانە. دڵنیایی دەدەین بە هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان، لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بارەى ئاوڕدانەوە لەو گەڕەک و شوێنانەى کە کەمترین دەست خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، سەرجەم پڕۆژەکانمان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکەین”.
ئەوەشی خستووەتە روو: “ئامانجانە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنین بە هەموو ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە و کەمترین دەستى خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە”.