حکومەتی هەرێم : دەبێ زۆرینەی هەلی کار لە پڕۆژەکان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی 10ی 2022 د. ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، دەقی بڕیاری ژمارە 172ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە كە ڕۆژی 20/9/2022 دەركراوە و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە واژوو کراوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە: دەبێت 75٪ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەک لە هەرێم بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و نابێت بەکارخستنی کرێکاری بیانی لە هەر پڕۆژە و پیشەیەک لە بازاڕی کەرتی تایبەت لە ڕێژەی 25٪ی ئەوانەی کار دەکەن لە پڕۆژەکە تێپەڕ بکات.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە گەنجانی بێکاری هەرێمی کوردستان لەپێشترن لە خەڵکی بیانی بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی کار لەناو هەرێمی کوردستان.