سه‌رۆك بارزانی‌ بۆ هاوپه‌یمانان: ئه‌گه‌ر مردین فاتیحامان بۆ مه‌خوێنن

له‌ بەرگی پێنجەمی كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد كه‌ سه‌رۆك بارزانی‌ نووسیویه‌تی‌، ده‌یان رووداوی‌ مێژوویی‌ دوای‌ ساڵی‌ 1991 تا 2002ی‌ تێدایه‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ شاڵی‌ كاشڤڵی‌ كردووه‌ و پێی‌ گوتووه‌، “ئه‌گه‌ر مردین فاتیحه‌مان بۆ مه‌خوێنن”.

سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 106 ئه‌و باسه‌ی‌ كردووه‌ و نووسیویه‌تی‌، “رۆژی‌ چواری‌ ته‌مووزی‌ 1991، جه‌نه‌راڵ شالی‌ كاشڤیلی‌ /جه‌نه‌راڵی‌ ئه‌مه‌ریكا/ فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی هێزی‌ هاوپه‌یمانان، سه‌ردانی‌ ئامێدی‌ كرد و جه‌نه‌راڵ گارنه‌ری‌ به‌ چه‌ند كۆپته‌رێك نارده‌ سپیلك، من و مام جه‌لال و چه‌ندان براده‌ری‌ تر چووینه‌ ئامێدی‌ و جه‌نه‌راڵ كاشڤیلیمان بینی‌، یه‌كه‌مجار بوو چاوم به‌ گه‌وره‌ به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ بكه‌وێت، جه‌نه‌راڵ لاپاژ فڕه‌نسیشی‌ له‌گه‌ڵدا بوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پێی‌ راگه‌یاندین كه‌ پێم خۆشه‌ په‌یامی‌ واشینتۆنتان پێ رابگه‌یه‌نم:

-هێزی‌ هاوپه‌یمانان ده‌كشێنه‌وه‌.
-ناوه‌ندێكی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ زاخۆ داده‌مه‌زرێنن به‌ مه‌به‌ستی‌ چاودێریكردنی‌ بارودۆخه‌كه‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌.
-فڕۆكه‌ی‌ هاوپه‌یمانان به‌ به‌رده‌وام چاودێری‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.
-ئه‌گه‌ر رژێمی‌ عێراق په‌لامارتان بدات، راسته‌وخۆ لێی‌ ده‌درێت.
-ئه‌گه‌ر ئێوه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ عێراق خۆتان به‌رپرس ده‌بن.

سەرۆک بارزانی زیاتر دەڵێت، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 20ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 1993دا، بیل كلینتۆن بوو به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكا، ئیداره‌ نوێیه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا په‌یامی‌ تازه‌ی‌ گه‌یانده‌ ئێمه‌، به‌ڵام به‌ جیاوازییه‌كی‌ زۆر گرنگ و گه‌وره‌ له‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ پێشوو كه‌ بریتی‌ بوو له‌، ئه‌گه‌ر رژێم هێرشی‌ كرده‌ سه‌رتان، وه‌ڵاممان ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ كات و شوێنه‌كه‌ی‌ دیاری‌ ده‌كه‌ین، له‌ به‌رانبه‌ردا منیش پێم راگه‌یاندن، ئه‌گه‌ر مردین فاتیحامان بۆ مه‌خوێنن.

 

Back to top button