پلانی نوێی كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: پلانی نوێی كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و، ڕەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پلانەكە وەرگیرا و دواتر پەسەند كرا و ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ” ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/10/2022 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەران و سەرۆك بەشەكانی دەستەی گەشتوگوزار گفتوگۆیان لەبارەی جێبەجێكردنی پلانی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار كرد كە پێشتر لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پلانەكە وەرگیرا و دواتر پەسەند كرا و ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی دەستە باسی لە کار و چالاکییەکانی دەستە و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پلانی ٨ ساڵەی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و ئاستەنگ و بەربەستەکان کرد. هەروەها رۆڵی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەرز نرخاند بۆ ئەو هەوڵانەی کە دەیدات سەبارەت بە بووژانەوەی گەشتوگوزار.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، تیشكی خستە سەر گرنگیی پەسەندكردنی یاسای گەشتوگوزار كرد و ئاماژەی بەوەش كرد یاسای گەشتوگوزار نیشانەی بایەخدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەو سێكتەرە كە دەیەوێت بەپێی پلانی نوێ پەرە بە گەشتوگوزار بدات، هاوكات ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەكی دەربڕی لەپێناو جێبەجێكردنی پلانەكە و باشتركردنی سێكتەرەكە بە گشتی.

لە تەوەرێكی تردا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بەدواداچوونی بۆ ئیشوكارەكانی دەستەی گەشتوگوزار، هاوكات ڕاسیپاردن بۆ جێبەجێكردنی پلانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار و جەختیشی لەسەر چارەسەركردنی كەموكوڕی و كەمكردنەوەی ڕۆتین و باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و بایەخدانی زیاتر بە كەرتی گەشتوگوزار وەك سەرچاوەیەكی گرنگی داهات كرد بۆ ئەوەی ئەو كەرتە ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات لە هەرێمی كوردستان.

 

Back to top button