مەسرور بارزانی: چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەبێتە چارەسەری کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان و ئه‌كادیمی و مامۆستایانی زانكۆ، كۆنفرانسی پرسی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌چوو، له‌ كۆنفرانسه‌كه‌شدا مه‌سرور بارزانی، گوتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ی10ی2022، له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆنفرانسی پرسی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ده‌ستی پێ كرد و له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا
زۆر زۆر بەخێربێن. من زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەشدارم لەگەڵ ئێوە.

پێش ئەوەی دەست بە وتارەكەم بكەم، ڕێگەم بدەن كە ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایكبوونی حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) لە هەموو موسوڵمانانی جیهان پیرۆز بكەم. ئیشەڵا ڕۆژی خێر و بەرەكەت و گەڕانەوەی ئاشتی و تەبایی و پێشكەوتن و سەقامگیری دەبێت بۆ هەر هەموومان.

زۆر سوپاسی زانكۆی سۆران و ناوەندی فەڕەنسیی توێژینەوە لەسەر عێراق دەكەم كە ئەم دیدارەیان لەسەر پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێكخستووە كە بێگومان پرسێكی زۆر زۆر گرنگە نەك تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكوو لە هەموو جیهاندا.

ئەم بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرێت و لەوانەیە بە تەنیا لە كۆنفرانس و دیدارێكدا بە تەنیا نەتوانین باسی هەموو بابەتەكان بكەین، بەڵام دەكرێ چەند تەوەرێك هەڵبژێرین و باسی لەسەر بكەین و دواتریش هیوادارم ئەم جۆرە كۆنفرانسانە ئیدامەیان هەبێ و بە درێژی باسی كێشە و گرفتەكان و لەوەش گرنگتر باسی چارەسەرییەكان بكەین.

بە درێژایی مێژوو غەدرێكی زۆر لە كورد وەكوو نەتەوە، لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان وەكوو پێكهاتەی رەسەنی ئەم ناوچەیە و لە خاكی كوردستان وەكوو نیشتمان كراوە.
ئەم غەدرە نەك بە دەیان ساڵ، بەڵكوو لە سەد ساڵی رابردوو تاكوو ئێستا بەردەوام بووە. ئێمەش دەبینین كە بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەرێكی بنەڕەتیی ئەم كێشەیە بكرێتەوە، زۆرجار بینیومانە كە خەریكی ئەوە بوون تەنیا بیانوو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرێت.

كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئەمڕۆ كێشەیەكی جیهانییە، پێویستە هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین دەست لەسەر ئەو گرفتانە دابنێین یان ئەو هەڵانەی لە مێژوودا دەرهەق بەم ناوچەیە و ئێمەدا كراوە، بۆ ئەوەی بتوانین رێگەی چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینەوە.
بەداخەوە لە ساڵانی رابردوو زۆر لەو وڵاتانەی كە كێشەیان لەگەڵ كورد وەكوو نەتەوە هەبووە، نەیانهێشتووە كورد تەنانەت باسی كێشەكەی خۆیشی بكات، هەر جۆرە پێشنیازێكیشی بۆ چارەسەری خستبێتە ڕوو، دواتر كورد تاوانباركراوە بەوەی یان جوداخوازە یانیش دەیەوێ كێشە و ئاژاوە بنێتەوە. ئێمە وەكوو هەر نەتەوەیەك هەقی ئەوەمان هەیە پێشنیاز بكەین كە پێمان وایە چۆن سەقامگیریی ناوچەكە دەستەبەر دەبێت و ئێمە چۆن دەتوانین فاكتەرێكی بنیاتنەربین و خۆمان هەقی ئەوەمان هەبێ باس لە بیروبۆچوونەكانی خۆمان بكەین لە پلاتفۆرمەكانی نێودەوڵەتی. ئەو ماوەیەی كە كورد رێگەی پێدراوە دەنگی خۆی بە جیهان بگەیەنێت، ئاشكرایە كە توانیویەتی لە زۆر بوارەوە ئەم تەفسیرە هەڵەیەی سەبارەت بە نەتەوەی كورد یان خەڵكی كوردستان كراوە، بڕەوێنێتەوە. جیهانیش شایەدی ئەوەیە كە ئێمە دەتوانین فاكتەرێكی بونیاتنەر بین.

كێشەی ئێمە بەهیچ شێوەیەك نەمانهێشتووە هەر لە زەمانی جەنابی بارزانییەوە تاكوو زەمانی سەرۆك بارزانی، هەمیشە داكۆكییان لەوە كردووە كە نابێت كێشەی كورد لەگەڵ حكوومەتەكان، وا تەفسیر بكرێت یان ببێتە كێشەی نەتەوەكان، ئێمە هەمیشە رێزمان لە هەموو نەتەوەكانی تر گرتووە و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو پرەنسیپە، چونكە بڕوامان پێیە بەردەوام دەبین.
كێشەی ئێمە لەگەڵ نەتەوەكانی تر نییە كە لەگەڵیاندا دەژین، بەڵكوو كێشە لەگەڵ هەندێك دەسەڵاتدار بووە، هەندێك حكوومەت بووە كە بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی بیر لە حكومڕانییەكی یەكسان و دادپەروەرانە بكەنەوە، بیریان لە چەوساندنەوەی گەلێكی ستەمدیدە كردووەتەوە. بەڵام ئێمە نەمانهێشتووە ئەو كێشەیە ببێتە كێشەی نەتەوەكان، هەر كاتێكیش هەر نەتەوەیەك هەر پێكهاتەیەك پێویستیی بە یارمەتی خەڵكی كوردستان هەبووبێت، كوردستان دەرگای بۆ كردوونەتەوە.

ئێمە بینیمان لە دەیەی رابردوو دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش كە زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤ لە ناوچەكانی تری عێراق و سووریا و وڵاتانی دراوسێ ڕوویان كردە كوردستان، كوردستان دەرگای خۆی كردەوە و تاوەكوو ئێستاش بە شانازییەوە دەیڵێین، كوردستان بۆتە پەناگەیەك بۆ هەموو ئەوانەی لەدەست تاوان و تیرۆر رادەكەن و كوردستان بە شوێنێكی ئەمین دەزانن و لێرە نیشتەجێن. خوشك و برای ئێمەن، ئێمە بەهیچ شێوەیەك منەت بەسەر كەسدا ناكەین، بەڵام ئەمە كولتوورێكە كە لەگەڵ ئێمەیە و ئەو پرەنسیپانەن كە بڕوامان پێ هەیە.

چارەسەربوونی كێشەی كورد دەبێتە چارەسەربوونی كێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی. من دەمەوێ باس لە نموونەی عێراق بكەم، ئەگەر ئێمە بێین سەیری ڕووداوەكان بكەین لە سەد ساڵی رابردوو هەر لە دوای دامەزراندنی عێراق تاكوو ئێستا، ئایا عێراق وەكوو پێویست سەقامگیری بە خۆیەوە بینیوە؟ پێشكەوتووە؟ توانیویەتی خزمەتی هەموو خەڵكی خۆی بە یەكسانی بكات؟ بێگومان نەخێر. یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی كە ئەم هەموو نەهامەتییانە لەم وڵاتەدا ڕوویان داوە، ئەوەیە كە كێشەی كورد چارەسەر نەكراوە.

ئەگەر بیرێكی جددی بكەینەوە، كێشەی كوردستان لەو سەردەمە چارەسەر بكرابایە، ئایا عێراق دواتر ئەم هەموو نەهامەتییەی بەسەردا دەهات؟ من پێموایە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ناسەقامگیری ئەوەیە كە بیرێكی جددی لە چارەسەركردنی كێشەی خەڵكی كوردستان نەكراوەتەوە. ئێمە باسی مافی مرۆڤ دەكەین كە لە چارتەری نەتەوە یەكگرتووەكاندا پێناسەكەی دیارە، بەڵام ئایا هەموو لایەك پابەند بوون بەو چارتەرە و بە ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ؟ ئێمە باسی مافی چین دەكەین، هی توێژ دەكەین، هی تاكەكە دەكەین، هی رەگەز دەكەین، بەڵام كوا مافی نەتەوە؟ ئایا كورد وەكوو نەتەوەیەك رێزی لێگیراوە؟ بێگومان نەخێر. بەڵام ئەو پرەنسیپانەی كە لە كوردستاندا دەبینین، ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگیرێت، ڕێز لە مافی چین و توێژەكان دەگیرێت، ڕێز لە ئایینە جیاوازەكان دەگیرێت، پێكەوەژیان بوەتە پێناسەیەكی دیاری هەرێمی كوردستان، ئەمانە هەڵقووڵاوی كولتوور و بیروباوەڕی خەڵكی ئەم ناوچەیەن. ئەگەر ئێمە دەرفەتێكی وەهامان پێ بدرابا و وەكوو وڵاتانیتر بمانتوانیبا كار بكەین، ڕێزمان لێ بگیرابا و مافەكانمان دانی پێدا نرابا، بێگومان دەمانتوانی زۆر زۆر پێشكەوتنی زیاتریش نەك تەنیا بۆ خۆمان، بۆ هەموو ناوچەكەش دەستەبەر بكەین.

لە ساڵانی رابردوو هەموومان بینیمان كە كورد توانای شەڕكردنی زۆرە و كوردیش بوو توانی بە خوێنی خۆی ڕێگە لە فراوانكردنی شوێنی خەلافەتی داعش بگرێت و هێرشی داعش بشكێنێت، لە سەرەتاوە پێشمەرگەكانی كوردستان بوون كە توانییان ڕێگە لە داعش بگرن دوای ئەوەی كە 12 فیرقەی جەیش و پۆلیسی عێراقی كە بەداخەوە شكستیان هێنا، ئەوجارەش كوردبوو كە توانی ڕێگە لە داعش بگرێت.
كورد تەنیا لە شەڕكردن ئازا نییە، بەڵكوو ئەگەر سەیر بكەین لە دوای ئەو هەموو ساڵانەی كە چەندین ئیمبارگۆ یان وەكوو سەكشنی نێودەوڵەتی كە لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەبووە، كوردستان توانیویەتی لە ڕووی ئیدارەدانیش خۆی وێنا بكات و نموونەیەكی جیاوازتر پێشانی دونیا بدات. خەڵكی كورد خەڵكێكی بەتوانان وەكوو هەموو نەتەوەكانی تر، وەكوو هەموو نەتەوەكانی تر ئێمەش دەتوانین دكتۆر و ئەندازیار و پسپۆڕی باشمان هەبێت. زۆر لەو خەڵكەی كە توانییان بچنە وڵاتانی دەرەوە، لەوێ كەسایەتیی زۆر دیاریان لێ دەرچووە، ئایا هەمان ئەو كەسانە خەڵكی ئیرە نەبوون؟ ئەی بۆ لێرە ڕێگەیان پێ نەدرا كە ئەم جۆرە كەسایەتییانەیان لێ دروست بكرێ؟ بێگومان ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو پرسیارەی كە ئایا دەرفەتی یەكسان بە خەڵكی ئێمە دراوە؟ تاوەكوو ئێستا ئەو دەرفەتە بە خەڵكی ئێمە نەدراوە، بە پێچەوانەوە كە هەوڵی ئەوەشمان داوە چارەسەری كێشەكان بكەین، بە چاوێكی تر سەیری ئێمە كراوە یان ڕێگەمان لێ گیراوە.

كێشەی كورد تەنیا بە كورد چارەسەر ناكرێت، ئێمە لەگەڵ چەندین نەتەوەی تر، لەگەڵ چەندین نەتەوەی تر، لەگەڵ چەندین ئایین و پێكهاتەی تر بەیەكەوە لەم سەرزەمینە دەژین، كە بیر لە چارەسەركردنی كێشەی كورد دەكەینەوە، دەبێ بیر لە چارەسەركردنی كێشەی هەموو ناوچەكە بكەینەوە. كە باسی عێراق دەكەین، با ئێمە بێین سەیری ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق بكەین، ئایا عێراق لە چی كەمە؟ سەروەتێكی ژێرزەمینیی زۆر زۆری هەیە، سامانێكی سرووشتیی یەكجار زۆری هەیە، سەروەتێكی مرۆیی زۆر زۆر بەهێزی هەیە، ئەی بۆچی تاكوو ئێستا ئەو سەقامگیرییەی كە هەموومان مەبەستمانە لە عێراقدا ڕووی نەداوە؟ بۆ ئەو پێشكەوتنە لە عێراقدا ڕووی نەداوە؟ بێگومان پرسیارەكە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وەڵامەی كە ئیدارەیەكی باش لەو وڵاتەدا نەبووە و پێشێلی مافەكان كراوە و ڕێز لە دەستوور نەگیراوە. ئەگەر دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرابا و ڕێز لە هەموو خاڵەكانی دەستووری بگیرابایە، من پێموایە عێراق ئێستا لە ئاستێكی تر دەبوو.

بە سەدان ملیار دۆلار داهاتی عێراقە، كوردستان بە تەنیا 5%ی ئەم داهاتەی بەردەكەوێت، 95%ی ئەم داهاتە لە شوێنەكانی دیكەی عێراق پێویستە سەرف بكرێت، بەڵام ئەگەر سەیر بكەین، ئایا ئەم پێشكەوتنە لە ناوچەكانی تری عێراق هەیە؟ چ ناوچەی سوننی بن، یان هی شیعە بن، ناوەڕاست بن، ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵات و لە هەر كوێی عێراق ئەگەر سەیر بكەین، نابینین ئەم جۆرە پێشكەوتنە لە عێراقدا هەبێت. كەواتە لێرەدا شتێك هەڵەیە، ئەگەر سامانی سرووشتی كێشەت نەبێ، سامانی مرۆیی كێشەت نەبێ، ئیدارەدان كە كێشەیە، دەبێ بیر لەوە بكەینەوە چۆن ئەم ئیدارەیە لە ئاستی خواستی هەموو خەڵكی عێراق و لەنێویشیاندا خەڵكی كوردستانیش بێت؟

جارێ با بزانین تیرۆر بۆ لە عێراق سەری هەڵدا؟ بۆ تا ئێستاش توندوتیژی لە عێراق بەردەوامە؟ توندوتیژی و تیرۆریزم دەرهاویشتەیە هۆكار نییە، چەندین هۆكاری تر هەن كە وادەكەن تیرۆر سەرهەڵبدات، پێش هەموو شتێك نایەكسانی و نادادپەروەری، گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگوزاری، هەموو ئەوانە وادەكەن كە خەڵك بێزار بوو، بیر لە چارەسەری تر بكاتەوە. سیستەمە تیرۆریستییەكانیش هەر كاتێك كە دەبینین لە شوێنێك ناسەقامگیریی سیاسی و تێكچوونی باری ئابووری هەیە، دێن ئیستغلالی ئەو زرووفە دەكەن و دێنە لای ئەو خەڵكە و داوای هاوكارییان لێ دەكەن. زۆر لەو كەسانەی كە هاوكاریی قاعیدە و دواتر داعشیان كرد لە عێراق، شارەزای بیروبۆچوون و سیاسەتی داعش نەبوون، بەڵام لە ڕوانگەی تۆڵەكردنەوە، لە ڕوانگەی ناچاری ویستیان شتێك بكەن، چونكە لە سیستەمەكە ناڕازی بوون، لە جۆری دەسەڵات كە بەسەریاندا سەپێندرابوو، ناڕازی بوون، ئەو هاوكارییەی كە كرا لەبەر ئەوە بوو كە هەستیان بە نایەكسانی و نادادپەروەری دەكرد.
ئێستاش تاكوو نایەكسانی و نادادپەروەری و گەندەڵی و بووژانەوەی ئابووری ئەگەر چارەسەر نەكرێ، ئێمە سەقامگیریی پێویست لە عێراق نابینین. بۆیە وەكوو هەرێمی كوردستان ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە كە پەناگەیەك بین نەك تەنیا بۆ ئەوانەی لێقەوماون، بەڵكوو پێنشیازی گونجاویش بكەین بۆ ئەوەی چۆن عێراق بەرەو ئاییندەیەكی گەشتر هەنگاو بنێت؟ چۆن چارەسەری كێشەی كورد لە عێراق دەبێتە چارەسەری كێشەی عێراق بە شێوەیەكی گشتی؟

ئێمە ئەگەر سەیر بكەین زۆر لەم پێكهاتانەی رەسەنی عێراقی متمانەیان بە یەكتر نییە، با لە موجامەلەی سیاسی دەربچین، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو ببینینەوە، دەبێ راستگۆ بین لە دەستنیشانكردنی هەڵەكان و كێشەكان، كێشەیەكی سەرەكیی ئەم وڵاتە ئەوەیە كە متمانە زۆر كەم بۆتەوە یان ترس زاڵ بووە، هەر كارێك دەكرێت لە لایەن پێكهاتەیەك، پێكهاتەكەی دیكە بە چاوی گومانەوە سەیر دەكات چونكە ئەو متمانەی نییە. لەوانەیە ناحەقیشیان نەبێت، چونكە ئەوەی بەسەر عێراقدا هاتووە، پێكهاتەكانی عێراق بە هەموو نەتەوە جیاوازەكانیەوە، كەم نییە و ئەم مەترسییە لە جێی خۆیەتی، ترسی تۆڵەسەندنەوە، ترسی ئەوەی چی بەسەرت هاتووە لە رابردوو و ئەمە لە ئاییندە دووبارە ببێتەوە. ترسی ئەوە مافەكانت پێشێل كراوە و لا یەزالیش پێشێل دەكرێن، ئەمانە هەمووی وادەكات كە متمانە كەم ببێت، كە متمانەش كەم بوو، هەر كارێك كە دەكرێت، بە جۆرێكی تر لێكدانەوەی بۆ دەكرێت.

ئەو سەردەمەی كە ڕژێمە دیكتاتۆرەكان لە جیاتیی ئەوەی ڕێز لە مافی خەڵكی كوردستان بگرن، لە خەڵكی عێراق بە شێوەیەكی گشتی بگرن، بیریان لە قڕكردن و چەوساندنەوەی خەڵكی كوردستان دەكردەوە، ئەمەش بێگومان وایكرد خەڵكی كورد بیر لە پارێزگاری لە خۆی بكات، وە لە ئەنجامی شەڕێكی نەخوازراو نەك هەر خەڵكی كورد، بەڵكوو هەموو عێراقیش تووشی وێرانكاری و زەرەر و زیانێكی گەورە هات، وایكرد كە دواتر لە ساڵەكانی شەست و حەفتا، حكوومەتی عێراق كە بەداخەوە پەلاماری خەڵكی كوردستانیان دا، دوای ڕێككەوتنی ئازاریش لە ساڵی ٧٤ و ئەوانە كە شەڕێكی سەرانسەری بوو، وای لێهات كە حكوومەتی عێراق لەسەر لێواری ڕووخان بوو، ئەمەش وایكرد تەنازول بكات بۆ شای ئێران و ڕێككەوتنی جەزائیر واژۆ بكات كە زۆری نەخایاند بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە، پەلاماری وڵاتی ئێرانی دا و شەڕێكی هەشت ساڵانەی وێرانكەری بەدوادا هات كە ئەمەش ئابووریی حكوومەتی عێراق و وڵاتی عێراقی زۆر تێكدا و دواتر بۆ پڕكردنەوە و هەڵساندنەوەی وڵاتی عێراق، بیر لە داگیركردنی وڵاتی كوێت كرایەوە كە چوون كوێتیشیان داگیر كرد، هەموومان بینیمان كە جەنگی یەكەمی كەنداو و دوای 12 ساڵیش، جەنگی دووەمی كەنداوی لێكەوتەوە؟ جگە لە وێرانكاری، چیتر بۆ عێراق مایەوە؟

بۆیە لێرەدا ئێمە پێویستە بێین سەیری سیستەمەكەی خۆمان بكەین، ئێمە حكوومەت و سیستەمی جیاوازمان لە عێراق تاقی كردۆتەوە، تا ئێستا بۆ هیچ یەكێك لەمانە وەڵامدەرەوەی خواست و ویستی خەڵكەكە نەبووە؟ چونكە نەیانتوانیوە ئەم متمانەیە دروست بكەن یان ئەو ترسە بڕەوێنێتەوە. پێویستە پێكهاتەكان پێش هەموو شتێك دڵنیا بن لەوەی كە خۆیان بەردەوام دەبن و ئەو كیانەی هەیانە، ئەو خسوسیەتەی هەیانە پارێزراو دەبێت. ئەگەر ترس لەوە هەبوو كە داگیر دەكرێی، لەناو دەبرێی، پەراوێز دەخرێی، ئەوكاتە هەڵوێستێكی ترت دەبێ، بەڵام كە دڵنیابووی لەوەی ئەوەی هەتە هی خۆتە و پارێزراوە، بەڵام دەكرێ بەیەكەوە كاركردن و بە ڕێز لە یەكتر گرتن دەتوانن هەنگاوی باشتر بەرەوپێشەوە بنێن، ئەوكاتە بێگومان زەمینەیەكی زۆر باشتر ساز دەكرێ بۆ ئەوەی هاوكاریی یەكتر بكەین.

من پێموایە ئێمە ئەگەر راستگۆ بین لەگەڵ یەكتر و بێین لە دەوری مێزێك كۆببینەوە، شتی هاوبەشی زۆرمان هەیە، بە سوننە و بە شیعە و بە كورد و بە ئاسووری و ئەرمەنی و توركمان و بە هەموو پێكهاتەكانی تر، بە هەموو ئایینە جیاوازەكانی كە لە عێراقدا هەن، شتی هاوبەشمان زۆرە، بەڵام تەركیز لەسەر شتە جیاوازەكان دەكرێت. با بێین باسی هاوبەشەكان بكەین، ئەگەر ئێمە لەسەر ئەوە سیستەمێك دابنێین كە ڕێز لە یەكتر بگرین، یەكتر وەكوو هەین قەبووڵ بكرێت و بیر لەوە بكەینەوە چۆن بەیەكەوە دەتوانین یارمەتیی یەكتر بدەین بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان،پێموایە زەمینەیەكی زۆر باش هەیە كە بتوانین ئەوە بكەین، بەڵام دەبێت ئەو سیستەمە گەرەنتیی ئەوە بدات كە كەسێك بە حەز و ویستی خۆی نەتوانێت یاری بە سیستەمەكە بكات. لە سیستەمی فیدرالیدا بینیمان كە شتی زۆر باش هەیە، زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەنگی بە سیستەمی فیدرالی لە عێراق دا، بەڵام زۆر لە خاڵەكانی ئەم دەستوورە پێشێل كران و جێبەجێ نەكران، چ میكانیزمێك هەیە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی كە پێشێلی دەستووریان كردووە، ئێستا بەرپرسیار بن بەرامبەر بەوە، چ میكانیزمێك هەبووە ڕێگر بێت لەوەی یەكێك بیەوێت سوئیستیفادە لە دەسەڵات بكات، ڕێگەی پێ نەدەن؟ بەداخەوە لێرەدا نوقستانی هەیە، بۆیە پێویستە ئێمە بیرێكی جددیتر لەوە بكەینەوە كە ئێمە هەموومان بەیەكەوە ئەگەر دەمانەوێ لە وڵاتێكدا بژین بە ئاسوودەیی و سەقامگیری بۆ وڵاتەكەمان دەستەبەر بكەین، پێویستە ڕێز لە یەكتر بگرین، شەراكەتی حەقیقی لەم وڵاتەدا هەبێت، یەكسانی لەم وڵاتەدا هەبێت، دادپەروەری لەم وڵاتەدا هەبێت، بە چاوی گومانەوە سەیری یەكتر نەكەین، ئەگەر كوردستان پێش بكەوێت، كوردستان لەسەر حیسابی هیچ شوێنێكی تری عێراق پێش نەكەوتووە، بە عەكسەوە غەدریشی لێكراوە، بە عەكسەوە مافەكەشی پێ نەدراوە، بە پێچەوانەوە ئەو بودجەیەی كە بۆشی تەرخان كراوە، لێی بڕاوە. سەرەڕای ئەمەش، بووژانەوەی ئابووری كە لە كوردستاندا دەبینین، پێشكەوتن و سەقامگیری كە لە كوردستاندا دەبینین، دەكرێ هەمان نموونە لە هەموو ناوچەكانی تری عێراقیش دووبارە بكرێتەوە، ئەگەر ئامادە بین بەیەكەوە كار بكەین و واز لەم هەڵوێستانە بێنین كە بە چاوی گومانەوە سەیری یەكتر بكەین.

پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان دەبێ بە پێشكەوتن و بووژانەوەی هەموو عێراق حیساب بكرێ. ئەگەر ئێمە بزانین ئەوەی هەمانە لەدەستی نادەین، بە بیانووی جیاواز و بەبێ پاساو پەلامار نادرێین، لە رووی یاساییەوە دژایەتی ناكرێین، لە ڕووی سیاسییەوە ڕێگەمان لێ ناگیرێت، لە ڕووی ئەمنی و ئاساییەوە پەلامار نادرێین، ئێمە بێگومان ئومێدێكی گەشترمان بە وڵاتەكەمان دەبێت، بەڵام بۆ ئەوە ئەو ئومێدە هەبێت، بۆ ئەوەی ئەم گەرەنتییە بنەڕەتی بێت، دەبێ سیستەمەكە لە ئاستی ئەو داخوازییانە بێت.

ئێمە داوا دەكەین بیرێكی جددی لەوە بكرێتەوە كە هەموومان بەیەكەوە بیر لەوە بكەینەوە سیستەمێك لە عێراقدا جێگیر بكەین كە نە كورد، نە سووننە و نە شیعە، نە هیچ پێكهاتەیەكی تر ترسیان لە یەكتر نەمێنێت، لە جیاتی ئەوەی هەست بكەن بە ئیجبار لەگەڵ یەكترن، ئارەزوومەندانە لەگەڵ یەكتر بن. بیر لەوە بكەینەوە چۆن بتوانین بەیەكەوە پێش بكەوین؟ سەیری ئیتیحادی ئەورووپی بكەن لە شتێكی زۆر بچووكەوە دەستی پێكرد لە نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەوكاتە كە دواتر بووە سیستەمێكی گشتگیر لە هەموو ئەورووپا، یەكێتیی ئەورووپای لێ كەوتەوە، با ئێمە یەكێتیی هەموو پێكهاتەكانی ئەم ناوچەیەمان بكەینە بەرنامە، چۆن بتوانین ئەوە بكەین، تەنیا بەوە دەكرێت كە بە ئارەزوومەندانە بتەوێ لەگەڵ یەكتر كار بكەیت، نەك لە ترس. نەك ترسی ئەوەت هەبێ سبەی یەكێكی تر یان دەسەڵاتێكی تر یان بە مەزاجی شەخسیی ئەم و ئەو پەلاماری وڵاتەكەت دەدرێ و ئەوەی هەشتە لێت دەسەننەوە، دەبێ ئەو زەمانە بدرێ كە ئەوەی هەتە هی خۆتە كەس حەقی ئەوەی نییە بێ لە دەستت وەربگری یان تێكی بدات. دەبێ شیعە ترسی لە سوننە نەبێ و سوننە ترسی لە شیعە نەبێ، كورد ترسی لە عەرەب نەبێ و عەرەب ترسی لە كورد نەبێ. دەبێ ئێمە ئەو فاكتەری ترسە بڕەوێنینەوە. دروستكردنی متمانە تەنیا بەوە دەكرێ كە زەمانەتێك، سیاسەتێك هەبێت كە ئەم سیاسەتە بە سیستەمی نێودەوڵەتی گەرەنتی بكرێت.

من هیوادارم و دڵنیام، ئەگەر بە دڵێكی پاكەوە لەگەڵ یەكتر كار بكەین، زۆر دەتوانین هەنگاوی باش بنێین، چارەسەركردنی كێشەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، دەبێتە نموونەیەكی باش بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هیوادارم ئەو ڕۆژە زوو بێت.
جارێكیتر من سوپاستان دەكەم و زۆر زۆر مەمنون.

Back to top button