كاردانەوەی بڕیاری دەرنەچوون لە وانەی كوردی كە بە كەوتوو هەژمار نەكرێت زیاتر دەبێت

 

د. نەھلە قادر: ئەگەر بڕیاری وانەی زمانی کوردی ھەڵنەوەشێتەوە وەزیری پەروەردە بانگھێشت دەکەین

 

بڕیاری وەزیری پەروەردەی عێراق لەبارەی ھەژمارنەکردنی نمرەی زمانی کوردی کاردانەوەی ھەبووە و پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، بڕیارەکە پێچەوانەی دەستوورە و ئەگەر هەڵنەوەشێتەوە وەزیری پەروەردە بانگھێشتی پەرلەمان دەکەن.

 

لەمبارەیەوە لە لیدوانێکدا بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک د. نەھلە قادر ئەفەندی، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق،  گوتی : “ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق شەرمەزار دەکەین لەبارەی وانەی زمانی کوردی، داوامان کردووە بە زووترین کات ئەو بڕیارە هەڵوەشێتەوە و ئەندامانی کورد لە لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق سبەی ڕۆژی یەکشەممە دەچنە وەزارەتی پەروەردە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی لەبارەی وانەی زمانی کوردییەوە دەرکراوە.”

 

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: “بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێچەوانەی دەستووری عێراقە، چونکە بەپێی دەستوور، زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیین لە عێراق و ئێمە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکەین.”

 

د. نەھلە قادر ڕوونی کردەوە: “لە ھەرێمی کوردستان بۆ پۆڵی ١٢ی ئامادەیی ئەگەر نمرەکانی بەرز بێتەوە ئەوە بۆیان ھەژمار دەکرێت، ئەگەر کەمی بکات، ئەوە بەپێچەوانە دەبێتە ئارەزوومەندانە، ئەوە بۆ ھەردوو وانەی کوردی و عەرەبی، بەڵام لە عێراق تەنیا بۆ زمانی کوردی بڕیار دراوە و زمانی عەرەبی وەک خۆیەتی، ئەگەر بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە وەزیری پەروەردە بانگھێشتی پەرلەمانی عێراق دەکەین.”

Back to top button