لیزا فەلەکەدین کاکەیی : بەربژێری سەرۆك كۆمار بە فلتەری پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕ ببێ، بۆ كورد سەنگ و قورسایی دەبێت
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، هۆشداری لەوە دەدات كە جارێكی دیكە بەربژێری كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەنێو پەرلەمانی عێراق یەكلا بكرێتەوە.
لیزا كاكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئاماژەی بەوە داوە: لە دیداری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کاندیدی سەرۆك کۆمار، پێشنیارێکی نوێی ڕاگەیاند کە پەرلەمانی کوردستان ببێتە ناوەندی بڕیاردان لەسەر ئەم بابەتە. ڕاستەوخۆ دوای ئەو پێشنیارە کەسانێک کەوتوونەتە توانجدان لە پەرلەمان و بێڕیزیکردن بەو دامەزراوە نیشتمانییە!.
لیزا كاكەیی پێیوایە، ئەگەر ئەمجارەیان بەربژێرەكەی بە فلتەری پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕێت، لەمەودوا بۆ کورد سەنگ و قورسایی دەبێت، ئەوەش ڕوونە کە بە چارەسەرکردنی لە پەرلەمانی عێراق، دووبارە دەبێتەوە بە خزمەتکارێکی باش بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەتێکی مردوو و وەکوو ئێستا بەرامبەر بە مافەکانی کورد بە چاوبەستراوی و دەمگرێدراوی دەمێنێتەوە”.