لە دهۆك پرۆژەیەکی نوێی وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە 54 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت

وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک ئاشکرای دەکات: لە ناوەندی شاری دهۆك پرۆژەیەکی نوێی وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە 54 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت کە، ٥٩٤ ئۆفیسی بازرگانی تێدایە.

لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە، رای گەیاند، کەرتی وەبەرهێنان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوخساری شاری دهۆک جوانتر دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەکات کە لە دانانی ژێرخانی شارستانی و گەشەپێدانی ئابووری لە کوردستاندا بەشدار بن، هەر لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان مۆڵەتی داوە بە پرۆژەی (THE AVENUE DUHOK) بە گوژمەی ٥٤ ملیۆن و ٣٨٠ هەزار  و ٥٥٢ دۆلار کە لە لایەن کۆمپانیای (پاڵۆ)وە جێبەجێ دەکرێت.

 

بەرێوەبەرایەتییەکە، راشیگەیاندووە:” پرۆژەکە لە دوو تاوەری بازرگانی و لە 30 نهۆم پێک دێت کە هەموو پێداویستییەکانی ژیانی تێدایە و نهۆمی ژێرەوەی بۆ پارکینگی ئۆتۆمبێل و یەکەی پاڵاوتنی ئاوی قورس و کۆگای ئاوی پاک و یەکەی کارەبا و تانکەری غاز تەرخان دەکرێت و نهۆمی سەرزەوی بە شێوەی (DOUBLE VOLUME) لە تاوەری (E)بۆ خواردنگە و کافتریا و ژمارەیەک دووکان و هۆڵی وەرزشی و هۆڵی یاریی منداڵان و جوانکاری و لە تاوەری (W) هۆڵی وەرزشی و ژمارەیەک دووکان و دوو مەلەوانگە دانراون و 30 نهۆمەکەی دیکەش بۆ 594 ئۆفیس بازرگانی بە ڕووبەری جیاجیا تەرخان کراون و نهۆمی بەیتوونەش 50%ی بۆ خواردنگە و کافتریا و هۆڵی یاری و جوانکاری و ئۆفیسی تایبەت تەرخان دەکرێت هەروەها پارکینگی سەر زەوی بۆ ئۆتۆمبێل و سەوزایی و شوێنی کراوەش لەناو پرۆژەکەدا هەن.

دەشلێت:”پرۆژەکە دەکەوێتە سەر ڕێگای KRO لە ترافلایتی زەریلاند لە سەنتەرێ شاری دهۆک.

 

Back to top button