یۆنامی: پێکنەهێنانی حکومەتی عێراق دەبێتە هۆی نائارامی زیاتر
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق – یونامی راگەیێندراوێک لەبارەی دۆخی عێراق بڵاودەکاتەوە و داوا دەکات لایەنە سیاسییەکانی بەبێ مەرجی پێشوەختە دانووستاندن بکەن.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی ساڵێك تێپەڕبوون بە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، کاتی ئەوە هاتووە لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و قسە و کرداریان یەکبخەن.
یۆنامی ئەوەی خستەڕوو، لە 10ی تشرینی یەکەمی 2022 ساڵێك لەمەوبەر، عێراقییەکان بە ئومێدی هێڵکاری داهاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنێکی زەحمەت بوو، بەهۆی فشارە گشتیەکانی خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵاتەوە هاتە ئاراوە کە تێیدا سەدان گەنجی عێراقی گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربوون. گوتیشی “بەداخەوە ئەم هەنگاوە دیموکراسییە سیاسەتی دابەشکەری بەدوای خۆیدا هێنا و بێهیوایییەکی تاڵی گشتی بەدوای خۆیدا هێنا”.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ عێراق کاتێکی کەمی لەبەردەستدا ماوە. قەیرانی درێژخایەن ناسەقامگیری زیاتر دێنێتە کایەوە و رووداوەکانی ئەم دواییەش بەڵگەی ئەوەن. جگە لەوەش مەترسی لەسەر بژێوی خەڵك دروستدەکات. پەسەندکردنی بودجە بۆ ساڵی 2023 پێش کۆتایی ساڵ زۆر گرنگە.
یۆنامی لە راگەیەنەدراوەکەیدا باس لەوەدەکات، لە چەند هەفتە و مانگی ڕابردوودا هەوڵی بێوچان درا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان دەستبکەن بە هەنگاونان بەرەو سەقامگیری سیاسی، بەڵام بێ ئەنجام بوو. ئاماژەی بەوەشدا “ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چینی سیاسی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و قسە لەگەڵ کرداردا بگونجێنێت”.
هەروەها داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات بەبێ مەرجی پێشوەختە بەشداری لە دیالۆگدا بکەن.