دوو رۆژنامەنووسەکە لە سلێمانی لە دوای بریندار کردنیان دەستگیر کراون
وەک تا ئێستا ئاشکرا بووە، هێزێكی سەر بە دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پاش ئەوەی تەقەیان لە دوو ڕۆژنامەنووسی میدیای سەر بە باڵێكی یەكێتی كردووە، دەستگیریشی كردوون
لەمبارەوە فەرمان ڕەشاد، ڕۆژنامەنووس و هاوڕێی هەردوو ڕۆژنامەنووسە شوێنبزركراوەكەی میدیای سەر بە باڵێكی یەكێتی ئاشکرای دەکات و دەنووسێت “زانیاریی پشتڕاست کراوە، سەرتیپ قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی زۆر بە شێوەیەکی مافیاگەراییانە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری سەر بە سەرۆکی یەکێتی لە کاتی گەڕانەوە لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر هێرشیان کراوەتە سەر، تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەیان کراوە، پاشان دەستگیر کراون، بۆیە ژیانیان لە مەترسیدایە و پێویستە هەرچی زووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە”.
هاوکات هەر لەمبارەیەوە عەدنان عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان ئاشكرای كردووە كە دوو ڕۆژنامەنووسەكە ”بە برینداری“ گیراون، پاشان ئۆتۆمبێلەكەیان وەرگەڕاوە و ئینجا بە بیرینداری گیراون.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتار هەرلەمبارەوە ئاشکرای کردووە”پاش سۆراخ و بەدواداچوون، دەرکەوت هەردوو هاوڕێی ڕۆژنامەنووسمان سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی لە ئاسایشی سلێمانین“.