وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان وامان لێده‌خوازێت هه‌موو لایه‌ك پارێزگاری لە ژینگە بكەین.

دەستەكانی پاراستن و چاككردنی ژینگەو گەشتوگوزاری هەرێم لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوای رەچاوكردنی پاراستنی ژینگە لە هاووڵاتیان و گەشتیاران و ئاگر نەكردنەوە بە تایەو مادە پلاستیكییەكان دەكات.

بەیاننامەی ژینگە و گەشتوگوزار
نەورۆزی ژینگەیی و گەشتیاری لە هەموان پیرۆز بێت

بە ناوی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و دەستەی گەشتوگوزار، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی كوردی ،جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هاونیشتیمانان و گەشتیاری خۆشەویست دەكەین ،هیواداری نەورۆزی ئەمساڵمان ،ساڵی بەدی هاتنی خەون و خواستەكانی خەڵكی كوردستان بێت و كۆتایی نەهامەتی و ناسۆری میللەتەكەمان بێت.
لەهەمانكات خوازیارین، هاوڵاتیان لەگەڵ هاتنی نەورۆز كاتێكی خۆش بەسەر بەرن لە ناوچە گەشتیارییەكان، بەڵام رەچاوی پاراستنی ژینگە و شوێنە گەشتیارییەكان بكەن، بەتایبەتی لە رۆژی یەكەمی نەورۆزەوە بە هیچ شێوەیەك ئاگری نەورۆز بە تایە و مادە پلاستیكییەكان نەكرێتەوە و لە رۆژانی نەورۆز و گەشتكردندا، پاشماوە و خۆڵ وخاشاكی گەشتەكەیان لەگەڵ خۆیان بهێنەوە و كانیاو و سەرچاوەكانی ئاو پیس نەكرێت یاخود ئۆتۆمبێل لە ناوچە گەشتیارییەكان نەشۆردرێت، چونكە ناوچە گەشتیارییەكان موڵكی هەموو گەشتیارانە و ناكرێت بە هۆی پیسكردن و تێكدانی ژینگەوە ناوچە گەشتیارییەكان و ژینگە زیانی بەركەوێت .
هاوڵاتیانی ئازیز :
ئەگەر پاراستنی ژینگە لە پێناو مانەوەی مرۆڤایەتی و هەمەجۆری زیندەزوەران بێت و كار بۆ پاراستنی دەكرێت لە جیهاندا، ئێمەی میللەتی كورد، زۆر لە خەڵكانی تر ئەركمانە پارێزگاری لە پاراستنی ژینگە بكەین، چونكە تا هەنووكە بە خوێن و بە گیانی پێشمەرگە قەرەمان و گیان لە سەر دەستەكانمان پارێزگاری لە ژینگە و خاكی كوردستان دەكەین، بۆیە وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدانمان ئەركی هەموانە پارێزگاری لە ژینگە بكەین و ناوچە گەشتیارییەكان بە جوانی و سروشتی خۆی بهێڵێنەوە و پارێزگاری لە پاراستنی دار و دەرختەكان بكەین و بەهیچ جۆرێك جۆلانە لەسەر دارەكان نەكرێت و ئاگر لە ژێردار و دەرختەكان نەكرێتەوە .
جارێكی تر پیرۆزباییمان بۆ تێكرایی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قەرەمانەكان و كەسوكاری شەهیدان و بریندارەكانی كوردستان دەنێرین و ئومێد دەكەین، هەموومان نەورۆزیی ژینگەیی و گەشتیاری بكەین .

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە
دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم
19/3/2017

Back to top button