بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار پڕۆژەیەکی دیکە لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت
بەگوژمەى زیاتر لە 31 ملیار دینار دەستکرا بە پڕۆژەى دیزاینکردن و دروستکردنى بەرزە پردى ئۆڤەرفڵاى لە دووڕێیانى کۆڕێ – شەقڵاوە – هەولێر، لەگەڵ یەکخستن و فراوانکردنى شەقامى تونێلى مەسیف – شەقڵاوە.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند، بە گوژمەى 31 ملیار و 49 ملیۆن و 771 هەزار دینار لەسەر بووجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و بە سەرپەرشتى بەڕێوەبەرایەتى ڕێگەوبانى هەولێر دەستکرا بە پڕۆژەى بەرزە پردى ئۆڤەرفڵاى لە دووڕێیانى کۆڕێ – شەقلاوە – هەولێر، لەگەڵ فراوانکردن و یەکخستنى شەقامى تونێلى مەسیف – شەقڵاوە، کە زیاتر لە 7 کیلۆمەتر شەقام لە خۆدەگرێت لەگەڵ دوو پرد.
سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکە ئاشکرای کرد:” ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکە (430) ڕۆژە، پێویستە ئەو کۆمپانیایەی کە بەڵێندەرایەتییەکەی وەرگرتووە، لە ماوەی دیاریکراودا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکات.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە بەکۆتاهاتنى پڕۆژەکە، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی شاری هەولێرە و بەشێوە و شێوازێکى مودێرن و سەردەمیانە دەستى پێ کراوە، سودێکى زۆرى دەبێت بۆ هاووڵاتییان و خەڵکى ناوچەکە، ئەوە جگە لە کەمکردنەوەى قەرەباڵغى و ڕووداوى هاتووچۆ.