ئەمریكا سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوو دەداتە ئۆكراینا
بەپێی راپۆرتی كۆشكی سپی، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رۆژی دووشەممە بەڵێنیدا سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوو بۆ ئۆكراینا دابین بكات، ئەوەش دوای هێرشە مووشەكییەكانی رووسیا كە پایتەختی كیێڤ و زۆر شاری دیكەی كردۆتە ئامانج.
سەرۆكایەتی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بایدن لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ هاوتا ئۆكراینییەكەی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی قسەی كردووە و بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە پێشكەشكردنی پشتیوانی پێویست بۆ ئۆكراینا بۆ بەرگریكردن لە خۆی، لەنێویاندا سیستەمی پێشكەوتووی بەرگری ئاسمانی.
بایدن ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكانی ڕووسیای لە سەرانسەری ئۆكراینا و لە نێویاندا كیێڤ دەربڕی و “سەرەخۆشی لە ئازیزانی ئەو كەسانە كرد كە لەم هێرشە بێمانانەدا كوژراون و بریندار بوون”.
ڕۆژی دووشەممە نەتەوە یەكگرتووەكان لە دانیشتنێكی بەپەلەدا لە نیویۆرك بۆ تاوتوێكردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەكی ئیدانەكردنی لكاندنی چوار ناوچەی ئۆكراینا لە لایەن ڕووسیاوە كۆبووەوە.
دانیشتنەكە دوای چەند كاتژمێرێك هات كە مووشەكەكانی ڕووسیا كیێڤ و زۆرێك لە شارەكانی دیكەی ئۆكراینای كردە ئامانج و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕۆژئاواوە ئیدانە كرا.