بە گوژمەی نزیکەى (دوو ملیار و نیو دینار) پرۆژەیەكی ستراتیژى ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر دروست دەكرێت
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت : بە گوژمەی نزیکەى (دوو ملیار و نیو دینار) پرۆژەیەكی ستراتیژى ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر دروست دەكرێت
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رای گەیاند:” بە گوژمەی نزیکەی (دوو ملیار و نیو دینار)، بەمەبەستى چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی باران و ڕێگریكردن لە دروستبوونی لافاو لە سەنتەری شاری هەولێر، پرۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆ لەسەر شەقامی 30 مەتری تاوەكوو شەقامی 60 مەتری لە نزیك سایلۆ جێبەجێ دەكرێت و لە ئێستا بەشێكی پرۆژەكە لەسەر شەقامی 60 مەتری تەواو كراوە و كاری بەشەكانی دیكە لە ماوەی نزیكەی سێ مانگی تردا تەواو دەكرێت.
راشیگەیاند:” پرۆژەیە پێكهاتووە لە دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی بە درێژیی (1200 مەتر)، لەسەر شەقامی 30 مەتری لە نزیك باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دەستپێدەکات تاكو شەقامی 60 مەتری نزیك سایلۆ درێژ دەبێتەوە و گرفتی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە شەقامی 30 مەتری و گوشاری لەسەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆی سنوورەكە چارەسەر دەکات و بەهۆیەوە سیستەمی ئاوەڕۆی شاری هەولێر لەم زۆنەدا پێشوەچوون بەخۆیەوە دەبینێت.