محەمەدی حاجی مەحموود: ڕێگا بە هێزەكانمان بدەن، بە چەند سەعاتێك دەگەینە خانەقین

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لە ڕێگەی پەیامێكەوە داوا دەكات، ڕێگا بە هێزەكەیان بدرێت، تاوەكوو لە ماوەی چەند سەعاتێكدا بچنە خانەقین و نەهێڵن سیاسەتی بەعەرەبكردن لەو شارە پەیڕەو بكرێت.

محەمەدی حاجی مەحموود لە پەیامەكەیدا كە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی كردووە و خۆی وەك پێشمەرگەی دێرین ناساندووە، ئاماژەی بەوە داوە: حکوومەتی عێراق سەرەڕای وەزعی خراپی خۆی و بێ سەروبەری و نەمانی شیرازەی وەک دەوڵەت، وا بۆ ساڵێک دەچێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە حکوومەتێک دابمەزرێنن. لەگەڵ ئەو وەزعە خراپەشدا، هێشتا کوردیان لەبیر نەچووە، وەزیری نەوت و دادگا زەلیلەکانیان هەر ڕۆژەی بە جۆرێك هەڕەشە و کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە، لە ناوچە دابڕاوەکانیش، کورد لەسەر ماڵ و موڵکی باوباپیرانیان دەردەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مردوو و گۆڕستانەکانی کورد، لەو ناوچانە لە زیندوەکانی نەتەوەکانی تر زیاترە.

محەمەدی حاجی مەحموود باسی لە لاوازیی سوپای عێراق كردووە و بەڵگەی بەوە هێناوەتەوە كە لە شەڕی نێوان چەند وڵاتێكی عەرەبی و ئیسرائیل و هەروەها لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران و لە شەڕی نێوان عێراق و كوێت كە هەرسێ شەڕەكە لە سەدەی رابردوو ڕوویان داوە، هەزاران سەربازی عێراقی بەدیل گیراون، ”ئێستا خۆیان لەسەر خەڵکی بێ چەکی کورد تاقی دەکەنەوە. دەشڵێت: ئێستا ئەو پاڵەوانانە هاتوونەتە شاری خانەقین و هەڕەشە و گوڕەشە و سیاسەتی بە عەرەب کردن لە دژی کورد پەیڕەو دەكەن.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رای گەیاندووە: ئەگەر حکوومەت ئیلتیزامی هەیە، ناتوانێ هێز بەكار بهێنێت، ئەوا داواتان لێ دەکەین ڕێگای هێزەکانی پارتی سۆسیالیست بدەن لە ماوەی چەند سەعاتێکدا دەگەینە شاری خانەقین، شاری خەبات و شەهیدان و خۆڕاگری و ڕێگا نادەین بێگانە پۆستاڵی ڕەشیان لە خانەقینی ئازیز جێگیر ببێت.

Back to top button