لەبارەی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێم، فوئاد حوسێن بڕیاری دا.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە بڕیاردراوە لەبارەی دەستدرێژییەكانی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان شاندێک بە سەرۆكایەتی “قاسم ئەعرەجیی” راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی رەوانەی ئێران بکات.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەك رایگەیاند، لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە بە سەرۆكایەتی “عامر فایز” و بە ئامادەبوونی جێگری یەكەمی ئەنجوومەن “موحسید مەندەلاوی و ئەندامانی لیژنەكە، ئەمڕۆ پێشوازیان كرد لە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاوتێكردنی بابەتی دەستدرێژییەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
لە بەیاننامەكە ئەوە هاتووە كە “فوئاد حوسێن” وەزیری دەرەوەی عێراق هەموو ئەو رێكارانەی كە گیراونەتە بەر لە سەرەتای دەستدرێژییەكانی ئێران بۆ سەر هەرێم خستە روو بۆ ئەندامانی لیژنەكە.
زیاتر ئەوەیش هاتووە كە، وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان شاندێک بە سەرۆكایەتی “قاسم ئەعرەجی” دەنێردرێتە ئێران.
فوئاد حوسێن ئەوەیشی بە ئەندامانی لیژنەكە گوتووە كە تەنیا ئیدانە و سەركۆنەی دەستدرێژیەكان بەس نییە بۆ ئەم پێشێلكاریانەی ئێران و توركیا، لەسەر كۆمەڵگەی نێودەولەتیش پێویستە هەنگاوی كردەیی بنێن بۆ سنوورداركردنی ئەو دەستدرێژییە سەربازیانەی بەشێوەیەكی دووبارە دەكرێنە سەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان.