ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیەندرا
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیاند
لەکۆنفرانسە رۆژمامەوانییەکە، ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی: “هەرچەندە ئەمساڵ ژمارەی دەرچووان کەمتر بوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک نەک پلانمان کەم نەکردووە، بەڵکو پلانمان زیادکردووە، لەو چوارچێوەیەشدا 63 هەزار و 219 کورسی خوێندمان بۆ ئەمساڵ تەرخانکردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو شەش هەزار و 415 کورسیمان زیادکردووە”.
گوتیشی: “368 پێشکەشکار داواکانیان بەهۆی هەڵەی پڕکردنەوەی فۆڕمەوە کێشەی بۆ دروستبووە، ئەوان دەتوانن فۆڕمی سکاڵا پێشکەش بکەن و جێگەیان بۆ دابین دەکەین”.
راشیگەیاند: “ئێستا 22 هەزار کورسی بە باتاڵ ماوەتەوە، بۆ ئەوەی کەس بە ناچاری نەچێت لە خوێندنی ئەهلی و پارالێل بخوێنێت، دەرفەتی خوێندنی بە خۆڕایی ئێستا زۆر لە بارترە لە ساڵانی رابردوو، ئەمەش بریتییە لە سوود وەرگرتن لە توانای زانکۆکانمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “پرۆسەی وەرگرتن لە ئەمساڵدا بە ئەولەویەت هەموو دەرفەتەکان بۆ دەرچوانی ئەمساڵ، ئەویش ئەو مەبدەیە کە پێی دەگوترێت دادپەروەری لە خوێندنی خۆڕایی، پارالێل و ئێواران، هەموو ئەوانەمان وەرگرتووە کە لە رێگەی زانکۆلاینەوە داواکاریان پێشکەشکردووە”.
لای خۆشیەوە، د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، رای گەیاند: “ئەمساڵ کۆی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی 38 هەزار و 680 قوتابی بوو، 25 هەزار و 972 دەرچووی زانستی و 12 هەزار و 708 دەرچووی وێژەیی، پلانی وەزارەت دابینکردنی 63 هەزار و 219 کورسییە و شەش هەزار کورسی لە ساڵی رابردوو زیادیکردووە”.