بڕی ملیارێک و 600 ملیۆن دینار پێداویستی بۆ خوێندنی كوردی لە كەركووک دابین دەکرێت
“ئەمساڵ زیاتر لە 11 هەزار منداڵ بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتایی خوێندنی كوردی وەرگیراون”
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بایی ملیارێك و 600 ملیۆن دینار كەرەستە و پێداویستیی خوێندنی بۆ دابین كردوون و پەرتووكیان بەسەر هەموو قوتابخانەكانی خوێندنی كوردیدا دابەش كردووە بۆ ئەوەی دابەشی سەر قوتابییان بكرێت بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی 10ی 2022، شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕایگەیاند: بە سوپاسەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و لە ڕێگای وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بایی ملیارێك و 600 ملیۆن دینار كەرەستە و پێداویستی بۆ خوێندنی كوردی لە كەركووك كڕدراوە و ئێستا لە كۆگاكانی كەلوپەلی خوێندنی كوردییە و لە قۆناغی دابەشكردنیداین.
گوتیشی: ”پەرتوكمان گەیاندووەتە هەموو قوتابخانەكان لەڕووی میلاكاتەوە مامۆستایانمان دەستبەكارن و 750 مامۆستای وانەبێژمان هەیە كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، هەروەها هەزار و 700 مامۆستای گرێبەستی مەركەزیمان هەیە، ئەوانیش دەستبەكار بوون.