لە زاخۆ شوێن بۆ شوقەی کەمدەرامەتان و کرێنشینان  دیاری کرا

 

 

لە چوارچێوەی پلانەکانی خزمەتگوزاریی کابینەی نۆیەم ، شوێن بۆ شوقەی کەمدەرامەتان و کڕێنشینان دیاریکرا

لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دوو شوێن بۆ دروستکردنی شوقەی کرێنشینان و کەمدەرامەتان دیاری کران و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆش دەڵێ، چەند مەرجێک بۆ ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن، دیاری کراون.

 

لەمبارەیەوە جەگەر خوین عەبدی، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ئیدارەی زاخۆ لە لیدوانێکدا بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک ڕایگەیاند ،”پشکی زاخۆ لەو ٢٠ ھەزار شوقەی بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دروست بکرێن ٨٩٢ شوقە بەر زاخۆ دەکەون و زیاتر لە دوو ھەزار کەسیش فۆرمی وەرگرتنی شوقەیان پڕ کردووەتەوە، لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆوە دوو شوێن بۆ دروستکردنی کرێنشینان دیاری کراون، ئەوانیش کەرتی ١٣ی تلکەبەر بۆ دروستکردنی ٥٧٦ شوقە و لە کەرتی ئافرمانیش ٣١٦ شوقە دروست دەکرێن.”

 

بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆ ئاشکراشی دەکات : “ھیچ کێشەیەک لەسەر شوێن نەماوە بۆ دروستکردنی شوقەکانی کرێنشینان و ھەر کاتێک دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت شوێنیان دیارە، بەڵام ئەگەر لە قەزای باتۆفە شوێن دیاری بکەن، ئەوە ژمارەیەک لەو شوقانە دەبرێنە قەزای باتۆفە.”

 

جەگەر خوین عەبدی ڕوونی کردەوە: “پشکی زاخۆ بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان دیاری کراوە بۆ ھەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، چەند پێوەرێک بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت سوودمەند بن لەو شوقانە دیاری کراون، لەوانەش نابێت ھیچ خانوو و زەویەکی لەسەر ناو بێت و تا دوو ساڵ پێشتریش نابێت زەوی لەسەر ناوی ھەبووبێت، ھەروەھا نابێت لە یەک ئۆتۆمبێڵ زیاتری لەسەر ناو بێت، ئەگەر خێزانی شەھید و کەمئەندامیان ھەبێت، ئەوەشیان لەبەرچاو دەگیرێت.”

Back to top button