عەلی عەونی: ئەو بڕیارانەی لە بەغداوە دژی کوردستان دەدرێن، بە رێنوێنیی بەرهەم ساڵحە

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیێنێت، ئەگەر عەرەبێکیش لە پۆستی سەرکۆماردا بوایە، دۆخی ئێمە وەک کوردستان هەر وەک ئێستا دەبوو.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی راگەیاند: ئەگەر عەرەبێکیش لە پۆستی سەرکۆماردا بوایە، دۆخی ئێمە وەک کوردستان هەر وەک ئێستا دەبوو، هیچ بڕیارێک لە دژی کوردستان نەچووەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یان حکوومەتی عێراق، یان دادگاکان، کە بەرهەم ساڵح وەک سەرکۆمار توانیبێتی پێشی پێ بگرێت، بەپێچەوانەوە، رێنیشاندەریان بووە، تا بڕیار دژی کوردستان دەربکەن، ئەوەش بە شاهێدیی نووری مالیکی، کە گوتی ئەو بە منی گوتووە پەلاماریان بدەم، بە کورتی و بە پوختی، سەركۆمار وەک ئاو بێ تام و بێ بۆن و بێ رەنگە.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێ: پەرلەمانتار و وەزیرە عەرەبە شیعەکان لەچاو بەرهەم ساڵح هەڵوێستیان باشتر بووە، بە نموونە، کاتێک تورک لە سەیرانگای پەڵخ لە سنووری زاخۆی دا، لە هیچ جێییەک بەرهەم دەنگ و رەنگ و هەڵوێستی نەبوو، کاتێک ئێران لە ماڵی شێخ باز و بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی دا، هیچ هەڵوێستی نەبوو، نابینم هیچی بۆ کورد کردبێت، باشە کاتێک کوردێک دەکرێت بە سەرکۆمار، بۆ ئەوە نییە کە بەرگریمان لێ بکات؟ رەنگە چەند برادەرێکی نێو یەکێتی سوود لە ئیمتیازەکانی وەربگرن، ئەویش لەبەر ئەو رێکلامەی بۆی دەکەن، بۆیە ئێمەش حسابمان نەکردووە کە نوێنەری ئێمە بێ و مامەڵەشمان لەگەڵ نەکردووە.

Back to top button