سەرۆکی حکومەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێگەیشت

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆکتۆبەری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە “تۆبیاس لیندنەر”، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، پێگەیشت.

 

لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستانی کرد، رایگەیاند، بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، قبوڵکراو نییە. بۆ ئەم مەبەستەش، لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکان دەکەن.

 

وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، پشتیوانیی ئەڵمانیای بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتێک، کە رەنگدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێزگرتن لە دیموکراسیی بێت دەربڕی.

 

هەروەها دڵنیایی دا لەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لە دوای پەسەندکردنی لە لایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە.

 

سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاریکاریی و پشتیوانیی بەردەوامیی حکومەت و خەڵکی ئەڵمانیای کرد، خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی ھەمەلایەنە لەگەڵ ئەڵمانیا دووپات کردەوە.

Back to top button