تەقینەوەی کانێکی خەڵوز لە تورکیا گیانلەدەستدانی 28 کرێکاری لێکەوتەوە و رێژەکەش ڕوو لە هەڵکشانە

کانێکی خەڵوز لە ھەرێمی بارتینی باکووری تورکیا تەقییەوە و 28 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، “رێژەی گیانلەدەستانەکان بەرەو هەڵکشان دەچێت.”

ئەمرۆ شەممە 15ـی 10ـی 2022، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تەقینەوەکە لە قوڵایی 300 مەتر لە ژێر زەوی روویداوە و تیمە تایبەتمەندەکان لە ھەوڵی رزگارکردنی ئەو کرێکارانەدان کە، لە کانەکەدا گیریان خواردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی تەقینەوەکەدا 110 کرێکار لە کانەکەدا بوون و لەو ژمارەیەش تا ئێستا 28 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 49 کرێکاری دیکەش گیریانخواردووە و ھەوڵی رزگارکردنیان دەدرێت.

لە لایەکی ترەوە، فاتح دۆنماز، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بە پێی بەڵگە سەرەتاییەکان پێدەچێت تەقینەوەکە بەھۆی گڕگرتنی غازی میسانی ناو کانەکە روویدا بێت، وتیشی، لە ئێستادا ھیچ ئاگرێک لە کانەکەدا نییە و ئامێری ھەواگۆڕکێ بەشێوەیەکی باش کاردەکات، بەڵام ھەرەسھێنان لەناو کانەکەدا ھەیە.

Back to top button