عارف قوربانی: ئەگەر یەكێتی بە تەكتیك دكتۆر لەتیفی دەرچواندووە! خیانەتێكی گەورەی لە بەرهەم ساڵح كردووە

 

 

نووسەر و رۆژنامەوان عارف قوربانی، لە وتارێكیدا لەژێر ناونیشانی (د.بەرهەم، قوربانیە یان سەرنەكەوتوو؟) شیكارییەك بۆ كێبڕكێ و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەركۆماری نوێی عێراق د.لەتیف رەشید دەكات و دەنووسێت: ”ئه‌گه‌ر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌م ئه‌نجامه‌ی له‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماردا وه‌ك ئه‌مری واقیع به‌سه‌ریدا سه‌پێندرا، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌مه‌ی په‌سه‌ند بوایە،‌ ره‌نگه‌ ١٠ مانگ پێش ئێستا و له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، له‌تیف ره‌شید ببوایه‌ته‌ سه‌ركۆمار و عێراقیش ئه‌م ١٠‌ مانگه‌ی رابردوو به‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا تێنه‌ده‌په‌ڕی.“

 

قوربانی روونیشی كردووەتەوە: ”هۆكاری چه‌قبه‌ستنی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و ئه‌و گێرمه‌ و كێشانه‌ی له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی رابردووی عێراق هاتنه‌ ئاراوه‌ كه‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كاندا تێپه‌ڕین و نه‌ده‌توانرا رێكاره‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت بگیرێته ‌به‌ر، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بوو كه‌ یەکێتی موكڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا د.به‌رهه‌م بەربژێر ده‌كه‌ن بۆ سه‌رله‌نوێ‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌. له‌ به‌رانبه‌ر داواكاری پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ گۆڕینی د.به‌رهه‌م به‌ كه‌سێكی دیكه‌ له‌ناو یه‌كێتی كه‌ پارتییش ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ری هه‌بێت، یه‌كێتی ئه‌مه‌ی به‌ به‌زاندنی هێڵی سوور ناو ده‌برد و ده‌یانگوت پارتی و هیچ حزبێكی دیكه،‌ مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ بەربژێر بۆ ئێمه‌ دیاری بكه‌ن، به‌ڵام دواجار ئه‌وان دیارییان كرد.“

 

لە بەشێكی دیكەی ئەو وتارەیدا  ئاماژە بەوە دەکات:”له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2021 وه‌ تاوەکوو چركه‌ساتی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار له‌ 13ی ئۆكتۆبه‌ری 2022، یه‌كێتی ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كتەبی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كردووه‌، له‌ راگه‌یێندراوی هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان و ئه‌و دیدار و چاوپێكه‌وتنانه‌ش كه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ پرسی سه‌ركۆمارەوە، یه‌كێتی هه‌ر جه‌ختی له‌وه‌ كردووەته‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵح تاكه‌ بەربژێرمانه‌. وه‌ڵامی روون و راشكاویشیان بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی نێوه‌ندگیرییان ده‌كرد بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و دیاریكردنی بەربژێرێكی هاوبه‌ش، هه‌ر جه‌ختكردنه‌وه‌ بووه‌ له‌وه‌ی به‌ هیچ جۆرێك د.به‌رهه‌م ناكشێنینه‌وه‌. ته‌نانه‌ت كه‌ باس له‌ مه‌ترسی تێكچوونی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیش ده‌كرا به‌و هۆیه‌وه‌، بێباك بوون له‌وه‌ی چی ده‌بێت با ببێت. واتە تاوەکو ئاستی شه‌ڕیش ئاماده‌ی هیچ سازشێك و ده‌ستبه‌رداربوونی د.به‌رهه‌م نه‌بوون. بۆیه‌ ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگی و ڤیدیۆییانه‌ی له‌ دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار بڵاو ده‌بنه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌مه‌ جۆرێك بووه‌ له‌ تاكتیكی یه‌كێتی خۆی و له‌و رێگەیه‌وه‌ ویستوویانه‌ له‌تیف ره‌شید بكه‌نه‌ سه‌ركۆمار، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتییش ده‌نگیان به‌ د.له‌تیف ره‌شید نه‌داوه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راست بوایە كه‌ تاكتیكه‌، ئه‌وه‌ خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵحیان كردووه‌ پێش هه‌ر كه‌سێكی دیکە.“

 

قوربانی دەشنووسێت: ”هه‌رچه‌نده‌ ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنی و په‌یجه‌وانه‌كانی نزیك له‌ د.به‌رهه‌م زۆر ته‌رویج بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ‌ ئیستسماری بكه‌ن تاوەکوو به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك قوربانییه‌ك ده‌ركه‌وێت كه‌ خیانه‌تی لێ كراوه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی دۆڕابێت له‌ هه‌ڵبژاردن. وه‌ك چۆن بۆ یه‌كێتی ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌و جۆره‌ ته‌نیا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت نه‌ك خه‌ڵك، ئه‌مه‌ بۆ خودی د.به‌رهه‌میش وایه‌ كه‌ ئه‌ویش خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێ‌ ئه‌گه‌ر خۆی به‌ قوربانی بزانێت و هه‌ست به‌وه‌ نه‌كات دۆڕانێكی زۆر خراپ دۆڕاوه‌. ئه‌و له‌ خولی پێشووتری هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار له‌ 2018 ماوه‌ی شه‌ش ساڵ بوو هیچ پله‌ و پۆستێكی كرداریی نه‌بوو، دابڕاو بوو له‌ هاوكێشه‌ ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان و به‌ پێگه‌یه‌كی سیاسیی لاوازه‌وه‌ چووه‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و بووه‌ سه‌ركۆمار. ئه‌مجاره‌ به‌ چوار ساڵ ته‌مه‌نی سه‌ركۆماری و به‌ بوونی به‌ جه‌مسه‌رێكی گه‌وره‌ی هاوكێشه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و عێراق، به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی سیاسی و به‌ توانایەکی دارایی زۆرەوە ‌و به‌ پشتیوانییه‌كی سه‌رسه‌ختانه‌ی یه‌كێتی و به‌شێك له‌ هێزه‌ شیعییه‌كان، به‌ پشتیوانیی ئێران و هه‌ندێ‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی ئه‌مریكا و وڵاته‌ هه‌رێمییه‌كان، له‌ به‌رانبه‌ر بەربژێرێك شكستی هێنا كه‌ تاوەکوو یه‌ك رۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی، هیچ كه‌س به‌ ئاشكرا و به‌ نهێنی پشتیوانیی نه‌ده‌كرد، بۆیه‌ دۆڕانی د.به‌رهه‌م، شكستێكه‌ بۆ ئایندەی سیاسییەکەی یەکجار زۆر کاریگەرە‌.“

 

ئاماژە بەوەش دەكات كە: ”هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م شكسته‌ش پێش هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكی دی، خودی د.به‌رهه‌م خۆیه‌تی، له‌ هیچ ئاماژه ‌و په‌یامێك تێنه‌گه‌یشت كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ سه‌ری به‌ به‌ردی گه‌وره‌دا بده‌ن، ئه‌وه‌ هه‌ر پارتی نه‌بوو كه‌ به‌ روون و ئاشكرا ده‌یانگوت نابێت د. به‌رهه‌م ببێته‌وه‌‌ سه‌ركۆمار، سه‌ركرده‌ی هه‌موو سوننه‌كان و به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ی شیعه‌كانیش ئه‌و په‌یامه‌یان به‌ یه‌كێتی ده‌دا كه‌ به‌ قسه‌ی ئێران ناكه‌ین و ده‌نگ ناده‌ینه‌وه‌ به‌و، به‌ڵام خۆی ئه‌مه‌ی ده‌ویست. په‌ندی له‌ ئه‌زموونی ساڵانی رابردوو وه‌رنه‌گرت و ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی یه‌ك هه‌نگاو به‌ شوێن پێی مام جه‌لالی مامۆستایدا بڕوات كه‌ عێراقییه‌كان ئێستاش شانازی به ‌سه‌رده‌می ئه‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن.“

 

عارف قوربانی روونشی دەكاتەوە: ”پارتی و به‌شێك له‌ یه‌كێتی و خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ش پێیان وایه‌ له‌و (نه‌خشه‌و پلانه‌ ستراتیژیانەوه‌ كه‌ بۆ گۆڕینی رێڕه‌وی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تیی عێراق له‌ئارادایه‌، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی دادگەی فیدراڵی دژی‌ ستراتیژی خاوه‌نداریێتیی كوردستان بۆ نه‌وت و ته‌نانه‌ت ئه‌و مووشه‌ك و درۆنانه‌ش كه‌ بە كوردستانەوە دەنران، تاوەکوو راگرتنی ئه‌و سه‌ده‌قه‌یه‌ش کە له‌لایه‌ن كازمییه‌وه‌ كه‌ پێشتر عه‌بادی و عادل عه‌بدولمەهدی بۆ كۆمه‌كی مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستان بڕیبوویانه‌وه،‌) د.به‌رهه‌م له‌ پشتی هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ تۆمه‌تیش بووبێت خرابێته‌ پاڵی، نه‌ خۆی و نه‌ بازنه‌كه‌ی ده‌وری هیچ وه‌ڵامێكیان نەدەدایەوە. بگره‌ هه‌ندێ جار له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی ئه‌نجام ده‌دران، بێ هه‌ڵوێستی و بێده‌نگی سه‌ركۆماریان ده‌به‌سته‌وه‌ به‌وه‌وه‌ كه‌ بارزانی دژایه‌تیی ده‌كات ئیتر ئه‌و بۆچی شه‌ڕیان بۆ بكات؟ ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ ده‌هات ئه‌گه‌ر بارزانی پشتیوانیی بكات، كوردستانی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر بارزانییش دژی بێت، ئه‌وه‌ پشتیوانی له‌ میلله‌ته‌كه‌ی ناکات، د.به‌رهه‌م چوار ساڵی رابردوو به‌م تێزه‌ كاری كرد، بۆیه‌ ئێستا له‌ سیمای خه‌ڵكدا نه‌ك نیگه‌ران نین له‌ شكسته‌كه‌ی، شادی ده‌خوێنیته‌وه‌.“

 

لە كۆتایی وتارەكەیدا عارف قوربانی دەنووسێت: ”ئه‌گه‌ر تاكه‌ شتێك له‌م هاوكێشه‌یه‌دا جێگەی پرسیار بێت ئه‌وه‌یه،‌ د.به‌رهه‌م زۆری كرد بۆ ئێران و بۆ شیعه‌كان كه‌ هێشتا مانشێتی (مقاوه‌مه‌تل مه‌كه‌) له‌ زهنی تاك به‌تاكی شیعه‌ی عێراق و ئێراندا به‌ تۆخی ماوه‌ته‌وه‌، چۆن ئاوا به‌ ئاسانی له‌ دوا ساتدا ده‌ستبه‌رداری بوون؟ ئه‌وه‌ش هه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌ خراپ یاریكردنی خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان دوو لایەنە ناكۆكه‌كه‌ی شیعه‌. یارییه‌كانی له‌نێوان سه‌در و مالیكی، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بێمتمانه‌ی كردبوو كه‌ مالیكی وه‌ك دۆخی ناچاری پشت بكاته‌ دۆسته‌ راسته‌قینه‌كه‌ی كه‌ یه‌كێتییه‌ و ده‌ست بخاته‌ ناو ده‌ستی ركابه‌ره‌ له‌مێژینه‌كه‌ی، بارزانی.

 

تازه‌ زه‌مه‌ن ناگه‌ڕێته‌وه‌ و رۆژگار یارمه‌تیده‌ری د.به‌رهه‌م نابێت كه‌ڵك له‌ هه‌ڵه‌كانی خۆی وه‌رگرێت، به‌ڵام ده‌كرێت بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ ببێته‌ وانه‌.“

Back to top button