بەڵگەکانی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ھێندە ئاشکرا و ڕوونن بە ھیچ کەس و لایەنێک پینە ناکرێت.

فرسەت سەید شکور

16ی ئۆکتۆبەر لە دیرۆکی کوردان، ڕۆژێکی شووم و ئاڵۆز و خەماوییە. کوردێکی ڕەسەن نییە، خاکپارێز و نیشتمانپەروەرێک نییە لە سەرانسەریی دونیا شەوی 15ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بە خیانەتێکی مێژوویی ڕانەچڵەکیبێت، چونکە ڕووداوەکە جیالەوەی ڕەھەندێکی ناوخۆیی ھەبێت ڕەھەندێکی جیھانیشی ھەبوو کە کاریگەرییەکانی بە ئێستاشەوە ماوە.ئەو ڕۆژەی بەبەرچاوی تەواوی گەلی کورد و جیھان خیانەتیان لە نیشتمان و گەلی کوردستان و پێشمەرگەو خوێنی شەھیدان و کەرکوک کرد.

 

ڕووداوەکە بە دروستی داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان بوو لەلایەن ھێزە عێراقییەکان بە ڕێککەوتنێکی نھێنی ژێر بە ژێر بە ھاوکاری گرووپێکی خیانەتکار لەنێو یەکێتی، دەوڵەتی ئێران و کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران ڕۆڵیان لەم ڕێککەوتنە ھەبوو، ئەمە جوودا لەوەی بڕیارەکە بەو شێوەیە بوو کە (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بکرێتە دەرەوە و حاکمیەتێکی ئێرانی بۆ کوردستان دابنێن، ئەگەرچی خەنجەری ژەھراوی و خیانەتی تاقمەکە بوونە ھۆکاری لەدەستدانی کەرکوک و فرمێسکی لە چاوی ئازادیخوازان ھێنایە خوارێ بەڵام لە دوای ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە داستەکانی پردێ و سحێلا وانەیەکی مێژووییان بە داگیرکەران دا کە بە ژیانی خۆیان بیریان نەچێتەوە، ئەوەیان بۆ سەلماندن کە گەلی کوردستان خۆ ناچەمێنێت، تانک و تۆپ و تەیارە، خیانەت و ترازان زەڕەیەك لە ئیرادەو خۆڕاگریی کورد کەم ناکاتەوە.

 

بەڵگە سەلمێنەرەکان

 

خاڵی سەرەکی سەلماندنی ئەم خیانەتەئەوەیە کە (سەرکردە باڵاکانی یەکێتی بە ئاشکرا دژی ئەم ڕێککەوتن و خیانەتە وەستانەوە) بەشێکی زۆر لە جەماوەری یەکێتی و ھەریەکە لە بەڕێزان (کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی-مەلا بەختیار-شێخ جەعفەر شێخ مستەفا-شاڵاو علی عەسکەری) ئەم ھەنگاوە مێژووییە خراپەی یەکێتییان ڕەتکردەوە و بە لادان لە ڕێبازی یەکێتی وێنایان کرد.

دانپێندانانی سەرۆکی ئێستای یەکێتی بەوەی کە ئەوان بە ئیمزای 38 لە سەرکردایەتی یەکێتی ڕێککەوتنەکانیان کردووە ھیچی نەھێشتووەتەوە.

بەڵگە فیلم و ڤیدیۆ و وێنەکانی ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر دەلالەتی ئەوەن کە ھیچ ڕوونکردنەوەیەک دەرحەقی ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە نایەت.

ھەمووان ئەوە دەزانین تاقمی خیانەتکار ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر بە کۆمەڵێک بەیاننامەی ھەڵخەڵەتێنەر دەیەوێ بیر و ھۆشی ھەمووان بەلای ھەندێک چەواشەکاریی نادروست و نالۆژیکیدا ببات کە لەگەڵ ڕووداوە حەقیقییەکانی ئەو ڕۆژە یەکناگرێتەوە، بەڵام بەڵگەکان ھێندە ئاشکرا و ڕوونن کە بە ھیچ کەس و لایەنێک «پینە» ناکرێت.

 

ئەنجامەکانی 16ی ئۆکتۆبەر

 

ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە ئێستا هەڕەشەی گەورەیان لەسەرە بەتایبەت لەڕووی تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانە و سوتاندنی بەروبوومی دانەوێڵەی کورد و هێرشی داعش بۆ سەر گوندە کورد نشینەکان، حکوومەتی عێڕاقیش بێ دەنگە لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر کورد هەن لەو ناوچانە و تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی بێ لایەنانەی دەرنەبڕیوە دەرهەق بە مافی کوردەکان.

دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی خاک و خەڵکی کوردستان لەو ناوچانە دەیان کێشە دروست بوون بەتایبەت کێشەکانی خاوەندارێتی زەویەکان و دەرکردنی کوردەکان و تێکدانی خانوەکان و هێنانی عەرەبی بیابان بۆ ناوچە کوردیەکان و پێشێلکردنی دەستور و یاسا لەلایەن پارێزگاری سەپینراوی کەرکوک و تیرۆرکردنی دەنگی ئازاد و تەعریب کردنەوەی ناوچە کوردستانیەکان.

Back to top button