میدیای یەکێتی، بۆچی پەلاماری مەسرور بارزانی دەدەن؟
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە یەکێتی سازش نەماوە بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نەیکەن، کەس نەماوە ڕاینەسپێرن، تاوەکوو ڤیدیۆی تیرۆرکردنی هاوکار جاف، کادیرەکەی پێشووی خۆیان بڵاو نەکرێتەوە، بەڵام کاتێک راستییەکان وەکوو خۆیان بڵاو کرانەوە، میدیای فەرمیی یەکێتی دەستی بە پەلاماردانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لەوەڵامێکدا کە ئەمرۆ یەکشەممە، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بلاویکردۆتەوە رای گەیاندووە: ”هەمووی 72 کاتژمێر نییە سازش نەما بۆ مەسرور بارزانی نەیکەن، کەس نەما ڕاینەسپێرن تا ڤیدیۆی تیرۆرکردنی کادرانی خۆتان بڵاو نەکرێتەوە، بەڵام لە دەرگایەکی هەڵەتان دا، نە گوێتان لێ گیرا و نە نرخ بۆ پاڕانەوەتان دانرا، ئێوە كە کادری نازدار و خەباتگێڕی خۆتان، لەبەرچاوی ماڵ و منداڵییەوە تیرۆر بکەن، کەنگێ گوێتان لە خاکفرۆشی و خیانەتە“
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی راشیگەیاند: “”مەسرور بارزانی دەیەوێت ئێوە قاچاخچی نەبن، دەیەوێت لەبری سیمای میلیشیا و تاقمگەری، فێری مەدەنییەت و دەوڵەتداری و ڕێزگرتنی دامەزراوەتان بکات، ئەو دەڵێت پارە مەدزن و لە قومار دایمەنێن، بڕۆن دوو شەقامی پێ چاک بکەن، ژێرخانی سلێمانیی پێ بنیات بنێن، نەک وێرانتری بکەن. مەسرور بارزانی ئەو بەربەستەیە کە لەبەردەم کارە چەوتەکانتان وەستاوە، بۆیە ئاساییە بە موناسەبە و بێ موناسەبە پەلاماری بدەن!“
لەبارەی خیانەتی 16 ئۆکتۆبەریش نووسیوویەتی: ”16ی ئۆكتۆبەر مێژوویەكی تاڵە، ئازاربەخشترین ڕۆژە و لە مێشكی هەر كەسێكی بەویژداندا دەرچوونی نییە، 16ی ئۆكتۆبەر خیانەت بوو لە خواستی ئازادبوونی گەلێك لە ژێردەستەیی، خیانەت بوو لە میللەت، لە حزبە هاوپەیمانەكانی یەكێتی، لە شۆڕشگێڕەكانی ناو یەكێتی و شەهیدانی دوێنێ و ئەمڕۆشیان، كە بۆ كوردستان شەهید بوون، تەنانەت خیانەت بوو لەو پێشمەرگانەی كە شەڕیان پێ كرا و پێیان نەگوترا فرۆشراون و بە شەهیدكردن دران.“
لەکۆتایی نووسینەکەشی پێشەوا هەورامی نووسیوویەتی: ”بەشێکی سەرکردەکانی یەکێتی، لەو ڕۆژە ڕەشەدا ڕاستییان بۆ هەموومان ئاشکرا کرد و گوتیان، ئازاری ئەم ڕووداوە زیاتر بوو، کاتێک هەندێک کاڵفام بوونە دەستکێشی دوژمن. هەر ئەمڕۆش کاڵفامەکان لە ڕێی میدیای فەرمیی یەکێتییەوە، هێرش دەکەنە سەر جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرکردەکانی دیكەی پارتی.“