سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەدات
ئەمڕۆ (دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەم) لە کۆشکی سەلامی بەغدا، رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆماری عێراق، بەڕێوەچوو.
سەرۆککۆمار بەسەر فەڕشی سووردا تێپەڕی و دەرگای کۆشکی سەلامی بەڕوویدا کرایەوە. سەرۆککۆمار لە ناو ژمارەیەک میوان کە لە ناو هۆڵەکەدا دانیشبوون، وتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە هەوڵ بۆ بەهێزکردنی عێراق دەدەن.
ئەو، هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بۆ هەوڵەکانی لەپێناو بنیاتنانی پەیوەندییەکی باش و پتەو لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقدا، گوتی: خەڵک چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزە کە لە خزمەت خەڵکدا بێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
سەرۆککۆماری وێڕای سوپاس و ستایشی بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، رایگەیاند: پارێزگاری لە دەستوور و سامانی وڵات دەکەم و هەوڵی بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی درواسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەدەم”.
لەتیف رەشید، دووپاتیشی کردەوە کە بە پێی دەستوور، هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات.
سەرۆککۆمار رایگەیاند کە لە “داهاتوویەکی زۆر نزیک”ـیشدا، بەرنامەی خۆی بۆ خەڵکی عێراق ئاشکرا دەکات.