محەمەد شیاع سوودانی سەردانی ھەرێمی كوردستان دەکات
بڕیارە لەم ھەفتەیەدا محەمەد شیاع سوودانی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، بە مەرجی جێبەجێکردنی داواکاریەکانی کورد ئێمە بەشداری حکومەتی سوودانی دەکەین.
د. سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتیلە لێدوانێکدا بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک راگەیاند: “سوودانی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان دەستی بە جووڵەیەکی باش کردووە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی لەسەر دروستکراوە، ئێمەش وەرەقەیەکی ستراتیژیمان ئامادەکردووە بەو مەرجەی مافەکانی کورد و ھەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت لەچوارچێوەی ئەو ھاوپەیمانیەتە”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: “واتە بە مەرج پارتی بەشداری حکومەتەکەی محەحەد شیاع سوودانی دەکات، چونکە پێویستە مافەکانی ئێمە گەرەنتی بکرێن لەوانەش پرسی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و پێکھێنانی ئەنجوومەنی ئیتیحادی و دەرکردنی یاسای نەوت و غازی یەکگرتوو بەپێی مادەی ١١٢ی دەستوور کە رێککەوتن لەسەر ئەوە ھەمووی کراوە”.
لە کۆتاییدا د. سەباح سوبحی روونیکردەوە: “سەقامگیری حکومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای رێککەوتن وەستاوە، بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستای عێراق تێدا تێدەپەڕێت ھەستیارە و ھەتا ئێستاش لایەنی سەدری ئەو حکوومەتە نوێیە ڕەتدەکاتەوە، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا سوودانی سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و بەپێی مەزەندەی خۆی کاندیدی سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە لەماوەی دوو ھەفتەدا کابینەکەی رادەگەیەنێت”.