لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر دەستیپێکرد

قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر کە ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دابیندەکات، ئەمڕۆ (دووشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2022) چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، دەکەوێتە باکووری هەولێر و نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات. لەماوەی رابردوودا بەهۆی کۆنییەوە چەند جارێک شکا و چاککرایەوە، بۆیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەمەبەستی لەڕەگەوە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەمساڵ بڕیاردرا بەتەواوی بگۆڕدرێت.

 

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە “ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئیفراز ٣ـی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. قۆناغی یەکەمی ئەو پرۆژەیە درێژییەکەی دوو هەزار و 750 مەترە و تێچووی گۆڕینی چوار ملیار و 650 ملیۆن دینارە”.

 

درێژیی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر، 11 کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ هەروەها رایگەیاند “کۆی تێچووی گۆڕینی تەواوی ئەو بۆڕییە 21 ملیار دینارە. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەش وەک کۆمپانیای جێبەجێکار پێی راسپێردراوە، 110 بۆ 120 رۆژە”.

Back to top button