دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان دەکرێت و هەر خێزانێك 200 لیتری پێدەدرێت
وەزارەتی سامانەسروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: میكانیزمی دابەشكردنی نەوتی سپی بڕیاری لەسەر درا، و هەر خێزانێك 200 لیتری پێدەدرێت.
وەزارەتی سامانەسروشتیەکان لە راگەیێندراوێکدا کەمێك پێش ئێستا بڵاویکردەوە، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بۆ چۆنییەتی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کرد.
وەزیری سامانە سروشتییەکان داوای لە بەڕێوەبەرانی نەوت و کانزاکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ڕۆژی (20)ی ئەم مانگە بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر بە نرخی پاڵپشتیکراو دەست پێ بکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە:” دوای تەواوبوونی ناوچە شاخاوییەکانیش، لە دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت.
ئەوەش خراوەتەروو:” لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لە سەرجەم ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان بکرێتەوە.