مه‌سرور بارزانی بۆ كونسوڵ و نێرده‌ی وڵاتان: ده‌مانه‌وێ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌هێز بكه‌ین

 

 

لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ کونسوڵ و نوێنەرو دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی : ”له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ قسه‌ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌یی هاوبه‌شیمان به‌هێزتر بێت

 

ئەمەش دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:

 

بەیانیتان باش

 

خۆشحاڵم لێره‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌م و جارێكی تر له‌گه‌ڵ ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ندان پرسی گرنگ له‌ هه‌رێمی كوردستان قسه‌ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هاوبه‌شیمان به‌هێزتر بێ، چه‌ندان بابه‌ت هه‌یه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین.

 

با بە بابەتی یەکەم دەست پێ بکەین دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە بەغدا. هەروەکوو دەزانن دواجار سەرکۆمارێک هەڵبژێردرا و سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو دەبێت کابینەکەی پێک بهێنێت دوای یەک ساڵ دوای هەڵبژاردنەکەی ساڵی ڕابردوو. هیوادارم کە ئەمە ببێتە هۆی کردنەوەی دەرفەتی نوێ بۆ عێراق بۆ ئەوەی بەرەوپێشەوە بچێت. نامەوێ هەموو وردەکارییەکانی یەک ساڵ بخەمە ڕوو، ئێوە خۆتان ئاگادارن کە چی ڕووی دا و ئەزموونتان هەیە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەم حکوومەتە دەکەین کە بەتەواوی ڕێز لە دەستوور بگرێت، ڕێککەوتنێک هەیە لە نێوان لایەنەکان دەربارەی پێکێنهانی حکوومەت کە بریتیین لە بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی، و ڕێککەوتن و بڕیاردانی ستراتیجی، هەروەها هەروەکوو دەزانن بابەتی چاکسازی لە دادگای فیدراڵی و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە کە بۆ ئێمە و بۆ بەغدا گرنگن. ئێمە هیوادارین بە نیازپاکییەکی بەهێزەوە و بەباشتری بەرەو پێشەوە بڕۆین. ئێمە تا ئێرە ئەوەندە لەسەر ئەم بابەتە دەدوێین و هیوادارین کە سەرۆکوەزیران سەرکەوتوو بێت لە ئەرک و کارەکەی.

 

سەرنجی سەرەکیمان ئەمڕۆ لەسەر بابەتی ئابوورییە، دیسانەوە باس لە چاکسازیی پێشمەرگە دەکەم. سوپاسی هاوبەشەکانمان دەکەم، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە هاوکارییان کردین لە بابەتی چاکسازیی پێشمەرگە بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە، لەوانەیە بەو خێراییە نەبێت کە ئێمە هیوای بۆ دەخوازین و پێمان باشە و لەوانەیە پرۆسەکە بەو شێوەیە نەبێت کە ئێمە خواستمانە، بەڵام ئێمە هیوادارین کە ئەمە بەردەوام بێت و ببێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیری بۆ ناوچەکە و هەموو عێراقیش ئێمە کار دەکەین لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ زیاتر پێکەوەکارکردن لەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە و ئێمە هیوادارین لەگەڵ بوونی حکوومەتی نوێ هەنگاوی نوێ و زیاتر بنرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە بە هێزی هاوبەش کە ئێمە ڕێککەوتنمان هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی دوو لیوای هاوبەشمان هەبێت کە لەو ناوچانە جێگیر بکرێن کە لەم کاتەدا لەلایەن داعشەوە بەکار دەهێنرێن.

Back to top button