مەسرور بارزانی، له‌ ته‌ندروستیی سۆران كامه‌ران ده‌پرسێته‌وه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، لە تەندروستیی رۆژنامەنووس، سۆران کامەران، دەپرسێتەوە، کە لە بۆردومانەکانی 28ی مانگی رابردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پردێ زامدار بوو.

 

له‌ میانی ئه‌و دیداره‌دا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌رۆشی خۆی بۆ ره‌وشی ته‌ندروستیی سۆران كامه‌ران دووپات كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ چاودێری ره‌وشی ته‌ندرووستیی سۆران كامه‌ران و سه‌رجه‌م بریندارانی په‌لاماره‌كانی سه‌ر كۆیه‌ و پردێ و زڕگوێزی كردووه‌ و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووه‌ هه‌رچی پێویست بێت بیكه‌ن بۆ رزگاركردنی ژیانی برینداره‌كان.

 

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ ته‌ندروستیی و ژیان و سه‌لامه‌تی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌.

 

گوتیشی: “سه‌ره‌تا زۆر خه‌مبار بووم به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی شه‌هیدبوونت و سوپاس بۆ خودا، كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ راست نه‌بوو.”

 

له‌ به‌رامبه‌ردا، په‌یامنێری كوردستان24، سۆران كامه‌ران، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ له‌ یه‌كه‌م چركه‌ساتی رووداوه‌كه‌وه‌، هه‌ستی به‌و بایه‌خپێدان و چاودێرییه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كردووه‌ و سوپاس و پێزانینی بۆ په‌رۆشی خه‌ڵكی كوردستانی به‌ گشتیی ده‌ربڕی.

 

Back to top button