مهسرور بارزانی: سیستەمی دیجیتاڵی بۆ ئهوهیه باشتر و خێراتر خزمهتی هاووڵاتییانمان بكهین
ئەمڕۆ چوارشەممە 19/10/2022، لە بەردەوامیی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کارنامەی خۆی و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستراتیجیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی ڕەگەیەندرا و لە ڕێوڕەسمەکەدا مەسرور بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەمەش دەقی وتاری مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز بەیانیتان باش
زۆر بەختەوەرم کە ئەمڕۆش لێرە لەگەڵ یەکین بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی گرنگی دیکە ڕابگەیەنین، کە ئەویش ستراتیجیی وەرچەرخانی دیجیتاڵییە و بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری بەدجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی.
بەپێویستی دەزازنم دەستخۆشی لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ستراتیجییە و کارکردنی بەردەوام و بێوچان لە پرۆسەی بەدیجاڵکردن، هەروەها زۆر سوپای هاوکاری و هەماهەنگیی شانشینیی یەکگرتوو، بەتایبەتی کونسوڵی گشتی، بەڕیز دەڤید هاند و تیمەکەی بکەم کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرهەمهێنانی ئەم ستراتیجییە و هاوکاریکردنی نووسینەکەم لەم بوارەدا.
ئێمە ئامانجمان لەم ستراتیجییە ئەوەیە کە لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوو، واتا تا کۆتایی ساڵی 2025 حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە یەکێک لە سەرلیستی حکوومەتەکانی ناوچەکە لە بواری بەدیجاڵکردن و حکوومەتی ئەلیکترۆنیدا، بۆ ئەم مەبەستەش نەخشەڕێگایەکمان هەیە کە دەستمان بە جێبەجێکردنی کردووە، ئەم نەخشەڕیگەیە هاوکاری و ئاسانکارییەکی زۆر پێشکەشی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەکات بۆ ئەوەی دەستنیشانی ئەو کار و خزمەتگوزارییانە بکەن کە گرنگن و کاری لەپێشینەن بۆ ئەنجامدانیان، بۆ نموونە لە مانگی 8ی ئەمساڵ سیستمی دیجتاڵیی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار کارا کرد. پاشان لە مانگی 9دا سەنتەری ناوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان لە فەرمانگەی تەلنەلۆجیای زانیاری کردەوە کە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی بنیادنانی ژێرخانێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان. هەروەها خزمەتێکی زۆری دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی زۆر باشتر و خێراتر و کاراتر خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاووڵاتییان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بکەن.