بە فەرمانی مەسرور بارزانی زەوی دەدرێتە ژمارەیەك خەڵكی كەمدەرامەت
بە فەرمانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماڵەكانی لیوا ڕەشەكە و جەمەلۆنەكە لە كەلار قەرەبوو دەكرێنەوە و زەوییان پێ دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێكدا رای گەیاند: “مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی قەرەبووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، بڕیاریدا بە تەرخانكردنی 163 پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردوو بینای لیوا ڕەشەكە و جەمەلۆنەكە لە شاری كەلار كە ئەو ماڵانە شوێنەكەیان بۆ نیشتەجێبوون گونجاو نییە و مەترسیی ڕووخان و بوومەلەرزەیان لەسەر هەیە.”
راشیگەیاندووە: “ئەو فەرمانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی ئەو دوو شوێنەیە، چونكە لەدوای ڕاپەڕینەوە لەبەر هەژاری و كەمدەرامەتی لەم شوێنە نەشیاوە بۆ ژیانكردن ماونەتەوە و بەردەوام مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت بە دابینكردنی پارپە زەوی لەسەر ڕووبەری (200م2) لە سنووری شارەوانیی كەلار شوێنێكی شایستە و گونجاویان بۆ دیاری دەكات تاوەكوو ڕزگاریان بێت لەم بارە ناهەموارەی تێیدان، ئەویش بە قەرەبووكردنەوە و گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی گونجاو بە ژیان”.
پێشتر سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلار لە ڕێگەی قایمقامیەتی كەلار و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی ئەو ماڵانە، نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد، لە رۆژی 16/10/2022 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی ئەو هاووڵاتییانە و چارەسەركردنی ئەو گرفتە بڕیاریدا هەر ماڵەی بە پارچە زەوییەك لە سنووری شاری كەلار قەربوو دەكرێنەوە و ئەو فەرمانەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت.