بەردەوامیی گرتن و ڕفاندن لە سلێمانی ، دەستەی مافی مرۆڤی وە دەنگ هێنا

 

گرتن ، ڕفاندن ، کوشتن لە چینی سڤیل و ڕۆژنامەنووسان و سیاسییەکان لە سلێمانی ، گەیشتۆتە ڕادەیەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی لە هەرێمی کوردستان هێناسەر خەت ، داوا دەکات ئاسایشی سلێمانی لەمبارەوە روونکردنەوە بدات .

 

 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 20ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایان گه‌یاندووه‌، گرتنی‌ ڕۆژنامه‌نووس و خه‌ڵكی سیاسیی و سڤیل، به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دیارده‌، كه‌ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌، “ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ به‌ مه‌ترسی ده‌زانین به‌توندی سه‌كۆنه‌ی‌ ده‌كه‌ین”.

 

”  دوای دیار نه‌مانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ وێنه‌گر زرنگ ره‌حیم و ده‌رهێنه‌ر زانا نه‌وزاد، له‌سه‌نته‌ری میترۆ  له‌ شاری سلێمانی، ده‌ركه‌وت كه‌ هێزه‌كانی ئاسایشی سلێمانی گرتوونی‌، ئه‌م جۆره‌ ڕه‌فتارانه‌ مه‌ترسیدارن و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی ئازادی تاك و مافه‌كانی مرۆڤه‌” له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ وا نووسراوه‌.

 

له‌ كۆتایشدا داوای‌ ڕوونكردنه‌وه‌ له‌ ئاسایشی سلێمانی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر گرتن و ره‌وشی‌ شاره‌كه‌. هه‌روه‌ك داوا ده‌كه‌ن، یاسا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌روه‌ر بێت هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندبن.

 

به‌یاننامه‌كه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ سلێمانی‌ رووداوه‌كانی‌ كوشتن و رفاندن و گرتن به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو رووی‌ له‌ زیادبوون كردووه‌، ئه‌وه‌یش به‌ته‌واوی‌ پرسیاری‌ لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دروست كردووه‌.

Back to top button