ھاووڵاتیان دەتوانن بێ ڤیزا سەردانی ئێران بکەن

 

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، لە سبەیەوە بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ھاووڵاتیان دەتوانن بێ ڤیزا سەردانی ئێران بکەن.

 

عەبدوڵڵا ئاکرەیی لە لیدوانێکدا بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک ئاشکرای کرد “رێککەوتن کراوە کە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بەبێ ڤیزا سەردانی وڵاتی ئێران بکەن و تەنھا لەرێگەی پاسپۆرتەکەیانەوە دەچنە خاڵە سنووریەکان و لەوێ دەرفەتیان پێ دەدرێت بۆ ماوەی یەک مانگ لە وڵاتی ئێران بمێننەوە، بێ ئەوەی پێویستیان بەڤیزا ھەبێت، کە ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ھەردوولا”.

 

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی: “لەسبەی ڕۆژی یەکشەممەوە ھاووڵاتیان دەتوانن لە تەواوی خاڵە سنووریەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بەبێ ڤیزا ھاتووچۆ بکەن و ئەو رێککەوتنەی کراوە لەنێوان ھەردوولا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

 

ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: “ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و کارئاسانیەکی باشە و جوڵەی ھاتووچۆ زیاد دەکات و خەڵک زیاتر ھاتووچۆ لەنێوان ھەرێم و ئێران دەکەن، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدرێت کە بەردەوام کار ئاسانی و ھەرچی پێویستە لە خاڵە سنووریەکانی نێوان ھەرێم و ئێران بکرێت، بۆیە چیتر پێویست ناکات ھاووڵاتیان بچنە کونسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزا و راستەوخۆ دەچنە خاڵە سنووریەکان و دەچنە ئێران”.

Back to top button