كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی کوردسان دەبێتە گەورەترین لە دنیادا

ئێرڤن هیكس، كونسوڵی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دووپات لەسەر پێویستیی فرەوانكردن و پتەوكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا دەكاتەوە، ئاشكرای دەكات كە تەلاری نوێی كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر دەبێتە گەورەترین كونسوڵگەكانی ئەو وڵاتە لە دنیادا.

هیكس لە میانی دیدارێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەمەریكا كار لەسەر پەرەپێدانی بوارەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان دەكات، لەپاڵ پەرەپێدانی پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم لە بوارەكانی كار و بازرگانی و پاڵپشتیكردنی ژووری بازرگانی ئەمەریكا بۆ دابینكردنی هەلی كار.

كونسوڵی ئەمەریكا دەڵێت، مەبەست لە بوونم لە هەولێر بۆ پتەوكردن و فرەوانكردنی پێوەندییە دووقۆڵییەكانە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، دووپاتی كردەوە، كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، دەبێتە گەورەترین كونسوڵگەی ئەمەریكا لە دنیادا، كاتێك 800 ملیۆن دۆلاری تیادا خەرج دەكرێت.

هیكس ئاماژەی كرد، پێوەندیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هاوبەشی تێپەڕ دەكات بۆ پێوەندی دۆستانە، پێوەندی ئێمە بەهێزە و هەروایش دەمێنێتەوە، ئێمە بەهای هاوبەشمان لە ژیان و ئازادی و خۆشگوزەرانی هەیە، قوربانی هاوبەشمان لەپێناو نەهێشتنی دیكتاتۆریەت و لەناوبردنی بیری توندڕۆی داعش داوە، ئەوانەیشمان تەنیا لە رێگەی پارە بەدی نەهێناوە، بەڵكو لە رێگەی قوربانیدان و رشتنی خوێندا، بەتایبەتی پێوەندیی نێوان خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا هەر بە بەهێزی دەمێنێتەوە.

رووبەری كونسوڵگە نوێیەكەی ئەمەریكا 200 هەزار مەتر سێجایە و دەكەوێتە سەر رێگەی سەرەكیی هەولێر پیرمام، لە 2018ەوە بەردی بناغەی دانراوە، تێچووەكەی لە نێوان 600 بۆ 800 ملیۆن دۆلارە، لەو كاتەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق گەورەترینە لە دنیا.

شایەنی باسە كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستانە بارەگاكەی لە هەولێرە و خزمەتگوزارییەكانی هەرچوار پارێزگەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە دەگرێتەوە، لە نووسینگەیەكی جێبەجێكاری بە سەرۆكایەتی كونسوڵی گشتی و چەند بەشێك بۆ كاروباری سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و سەروەری یاسا و كارگێڕی و ئاسایش پێك هاتووە.

 

Back to top button