ئەم ساڵ سەردانی زیارەتكاران بۆ مەزاری نەمران ڕێژەی پێوانەی تۆمار دەكات
خواكوڕك
مانگی ئاداری هەموو ساڵێك هاونیشتیمانیان بە جیاوازی ئینتیمای سیاسی و ئیتنی و ئاینیەوە ، بەكوردو تەنانەت خەڵكانی بیانیش سەردانی مەزاری نەمران لە دەڤەری بارزان دەكەن.
لە ژینگەیەكی هەوروباراناویدا خەڵك لە هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستانەوە ڕویان لە گوندی بارزان لانكەی شێران و زیندوكردنەوەی ناسنامەو شوناسی كوردایەتی و كوردبوون كردو تاجە گوڵینەی ڕێزو وەفاداریان لەسەر مەزاری نەمران دانا .
نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان “خەڵات بارزانی ” لەمەزاری نەمران ڕایگەیاند ” مستەفا بارزانی سەركردەیەكی نەتەوەیی بوو، بارزانی بە تەنها موڵكی بارزان یان هۆزێك نییە ، بەڵكو هەموو كوردێك شانازی بە ناو و تێكۆشانی بارزانییەوە دەكات “.
هەروەها “خەڵات بارزانی ” ڕاشیگەیاند ” بەپێی ئامارێك لە ڕۆژانی ڕابردوو كە تۆمار كراوە، ڕێژەیی زیارەتكاران لە میانی یەك هەفتەدا زیاتر لە (50) پەنجا هەزار كەسی تێپەڕاندووە و كەسایەتیەكی عەرەبیش بە ناوی (علی مرعی) پێنج وێنەی بارزانی نەمری كێشاوەو كردویەتیە دیاری و لەسەری نوسیووە، بەو هیوایەم لەو نزیكانە هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆی هەنگاو بنێت “.