دەسەڵاتی ڕەهای سوودانی لە هەڵبژاردنی وەزیرەکاندا پشتڕاست کرایەوە
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختدەکاتەوە، محەممەد شیاع سوودانی سەرپشک کراوە لە هەڵبژاردنی وەزیرەکان لەنێو ئەو کاندیدانەی خراونەتەڕوو.
ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی گردبوونەوەی سندی نیشتمانی و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە تویتێکدا رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی حکومەتێکی سەرکەوتوو، بەهێز و بەرپرسیار پێکبهێنرێت، هەروەها بۆ ئەوەی تیمێکی وەزاری هەماهەنگ هەبێت، چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی سەرپشک کردووە لە هەڵبژاردنی وەزیرەکان لەنێو ئەو کاندیدانەی خراونەتەڕوو، بەگوێرەی پێوەرەکان و بەپێی ئەوەی سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، دوور لە تەرخانکردن و پشکپشکێنە.
ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر پۆستەکان، تائێستا وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری نەکراوە.