لە رێگەی پرۆژەیەکەوە کێشەی کەمئاوی 51 گوندی ناوچەى بارزان چارەسەر دەکرێت

 

پڕۆژەی ئاوی بارزان ئاوی خاوێن بۆ 51 گوندی ناوچەکە دەگوازرێتەوە، پڕۆژەکە لە هەر کاتژمێرێکدا 1.200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 31 هەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات.

 

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو  کراوەتەوە ئاشکرای دەکات ، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، دوای سێ ساڵ وەستان دووبارە کەوتووەتەوە کار، سەرچاوەى ئاوى ئەم پڕۆژەیە کە لە رووباری شینە لە ناوچەی باڵندا، بە تەواوبوونى دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پاك بۆ دانیشتوانی سنوورەکە، پڕۆژەکە ئاوی رووبار بۆ بەشی پاڵاوتن دەگوازێتەوە، لەوێشەوە رادەی پاکی و پێکهاتەکانی ناو ئاوەکە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ خواردنەوە شیاو بێت و پاشان لە رێگای کۆگاکانی پڕۆژەکەوە بۆ گوندەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە.

 

پڕۆژەی ئاوی بارزان بە گوژمەی 138 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و لە پێنج کۆگای سەرەکی و 51 کۆگای لاوەکیی ئاو پێکهاتووە کە لە رێگەی زیاتر لە 500 کیلۆمەتر بۆڕی قەبارە و شێوەی جیاواز، ئاوی خاوێن بۆ 51 گوندی ناوچەکە دەگوازرێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ نەهێشتنى کێشەى کەمئاواى کە تائێستا خەڵکى دەڤەرەکە تووشى ببوون.

Back to top button