نەورۆز جەژنی نەتەوایەتی كوردە
خواكوڕك
كاتێ سەرمای زستان خۆی دەپێچێتەوەو ماڵئاواییمان لێدەكا، هەرچەند هەڕەشەی ساڵێكی دیكەمان لێدەكا، بەڵام لەگەڵ سەرەمەرگی دا موژدەی وەرزێكی دیكەی قەشەنگمان پێدەبەخشێ، ئەویش بەهارە. بەهار مانگی ئەفراندن و خولقاندن و داهێنانە. یەكەم رۆژی بەهاریش سەرەتای مانگی نەورۆزه، كە دەكاتە 21ی ئاداری زایینی. چونكه لە یەكەمین رۆژی ئەو مانگەدا رۆژێكی نوێ دەست پێدەكا، كە سەرەتای ژیانێكی نوێ دەست پێدەكا، هەر لە گۆڕانی ئاووهەوا بەرەو خۆشترو گەرم تر، خوێنیش لە لەشی بوونەوەردا دەبزوێ، ئاو و گیان لە هەناوی رووەك و دارو درەختدا دەگەڕێ، رەفتارو هەڵسوكەوتی نەك مرۆڤ، بەلكو ئاژەڵ و رووەكیش دێتە جۆش و خرۆش. بۆیە هەروا بە سێنایی كورد ئەم رۆژەی بە پیرۆز نە زانیوەو ناوی لەم رۆژەدا نەناوە نەورۆز، كە واتای رۆژێكی نوێ دێ.
گەلانی بە ڕەچەڵەك ئاری لەم رۆژەدا بە پێی داب و نەریتیان و بە شێوەی جیا جیا نەورۆز پیرۆز دەكەن، بەڵام هیچكامێك لەو گەلانە وەك كورد یادی ناكەنەوە. گەر گەلانی دی نەورۆز وەك جەژنێكی ئاسایی، یان نەریتێكی كۆنیان، یان لەبەر ئەوەی لەم رۆژەدا ئاوهەواو كەشی دەوروبەر دەگۆڕێ لە خۆشی رزگار بوون لە سەرمای زستان، یان لەبەر ئەوەی بۆنی خاك و هەوا خۆش دەبێ، وەك میسرییەكان پێی دەڵێن ( عید شم النسیم)، یان لەبەر ئەوەی لەم مانگەدا گونجاوە بۆ درەخت چاندن و روواندن، هەر بەمەش داگیركەران هەوڵیان داوە ئەو رۆژە بكەنە ( عید الشجرە)! بەڵام كورد نەورۆزی زۆر بەگرینگتر لەو گەلانە وەرگرتووە. بەم شێوەی خوارەوە:
یەكەم: بەپێی ئاینی زەردەشت دەبێ زەردەشت لەم رۆژەدا پێش 650 ساڵ بەر لە زایین لە دایك بووبێ، هەر لەم رۆژەشدا سروشی بۆ هاتووەو بووە بە پێغەمبەر. هەروەك سەلمێندراوە زەردەشت لە كوردستان لە دایك بووەو ئاینەكەشی بە بەربڵاوی لە ناو كوردو كوردستاندا زێتر گەشەی كردووە. كەواتە رۆژی نەورۆز رۆژێكی پیرۆزەو جەژنی لە دایك بوونی پێغەمبەری كوردە.
دووەم: هیچ گەلێك وەك كورد یادی ئەم رۆژە بە ئاگر ناكاتەوە. چونكە ئاگر و روناكی لە ئایینی زەردەشتدا پیرۆز بووە، دوای نزیكەی 2500 ساڵ، هێشتا كورد بە چاندین شێوە ئاگری لا پیرۆزە،وەك؛ تا ئێستا یەكێك لە گەورەترین سوێندەكانی كورد سوێند خواردنە بە ئاگر، كاتێ دەڵێ: سوێندم بەو ئاگرە پیرۆزە. یان كورد هەرگیز تف ناكاتە ناو ئاگرو تفكردن لە ئاگر بە گوناهێكی گەورەی دەزانێ. یان چاكترین دوعای كورد، تا ئێستاش بە تایبەتی ژنان ئەوەیە: خوایە هەرگیز ئاگرتان لە ماڵەكەتان دا نەكوژێتەوە. هەر بۆ ئاگاداری خوێنەر ووشەی ( سوێند، سووند) بە زمانی كۆنی كوردی ئاوێستا واتای كبریت دەگەیەنێ، چونكە كبریت سەرچاوەی هەڵگیرساندنی ئاگرە، بۆیە سوێندی پێخوراوە. هەر لەبەر ئەمە كورد لە شەوی نەورۆزدا ئاگری لەسەر لوتكەی چیا سەركەشەكانی كوردستان كردۆتەوە، وەك هێمایەك بۆ پیرۆزی، وەك ئاماژە پێكردنێك بۆ بەبیرهێنانەوەو ئاگاداركردنی خەڵك، كە رۆژێكی نوێ هەڵات.
سێیەم: بۆ رزگار بوون لە ستەمی ئەژدیهاك، كە كوردی بە بەرنامە لەناو دەبرد، كاوەی كورد رۆژی نەورۆزی دەست نیشان كردووە بۆ لەناوبردنی ئەژدیهاك و تێكدانی تەخت و تاراجی. وەك نەریتێكی ساڵانەش رۆژی نەورۆزدا ئەو رووداوە وەك شانۆگەریەك یادی دەكاتەوە. هیچ گەلێك، جگە لە كورد بەمجۆرە یادی نەورۆز ناكاتەوە.
چوارەم: بۆ پیرۆز راگرتنی نەورۆز و بەكارهێنانی وەك پلان و هێمایەكی سەربازی ئیمپراتۆریەتی میدیا، مادەكان، كە باپیرە گەورەی كوردەكانن و رۆلەی ئەوانن، سعاتی سفر بۆ هێرشكردنە سەر نەینەوا لەگەڵ بابلیەكان لە 612 ی پێش زایینی، شەوی نەورۆز دادەنێن و بڕیار دەدەن بۆ سەرەتای هێرش كردن ئاگر لەسەر چیاكانی كوردستان بكرێتەوە، تا بابلییەكان بزانن كاتی دەستپێكردنی شەڕە.
پێنجەم: چونكە نەورۆز جەژنێكی نەتەوایەتی تایبەت بە كوردە، چونكە سیماو رەمزو ناسنامەی كوردی پیوە دیارە ، بۆیە داگیركەران هەموو هەوڵێكیان داوە ئەم رۆژە یاساغ و قاچاغ بكەن، یان ناوێكی دیكەی لێبنێن. دەپرسین گەر هی كورد نییە بۆ هەوڵ دەدەن ئاسەواری بسڕنەوە، یان سڵی لێ بكەنەوە، یان سەرشێتانە هەوڵ بدەن و بڵێن هی كورد نییە!
شەشەم: ئەم رۆژە لەناو ناخی كوردو ناو مەسەلەی كوردایەتی بۆتە رۆژی بەرخودان و بەرگری و رابوون و هەڵگیرساندنی شۆڕش، یان تیركردن و جۆشدانی بزووتنەوە چەكداریەكانی. هەر لەم رۆژەدا لە هەموو شۆڕشەكانی كورد هێزی پێشمەرگە گورزی كوشندەو بەتینی لە داگیركەران داوە، لە ناوچە رزگاركراوەكانیش دا سەر لوتكە چیاكانی بە ئاگر رۆشن كردۆتەوە. جەماوەری كوردی ژێر دەسەڵاتی داگیركەرانیش لەم رۆژەدا بە گەرمی راپەڕیون. هەر لەو رۆژەو لە مانگی نەورۆز دا كورد زۆرترین قوربانی داوەو خۆیان بەخت كردووە. لەم بارەیەوە پیرەمێردی نەمر دەفەرمووێ:
نەورۆز بوو ئاگرێكی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق دەچوون بەرەو پیری مەرگەوە
حەوتەم: كورد دوای ئەوەی بەسەر نەینەوادا زاڵ بووەو بە شێكی كوردستانیان لە دەستیان رزگار كردووه سەردەمانێك رۆژی نەورۆزیان بە دەستپێكردنی سەری ساڵی نوێی كوردییەوە داناوە.
هەشتەم: هیچ میللەتێك وەكو كورد لە رۆژی نەورۆزدا بە رازاوەیی و بە ئاهەنگ و بە خۆشییەوە پێشوازی لەو رۆژەدا نە كردووە، جا بارو دۆخەكە هەرچۆنێك بووبێ و ستەمی داگیركەران چەند گەورە بووبێ. بە دەگمەنیش رێك دەكەوێ میللەتێكی دیكە، وەكو كورد ناوی نەورۆز بۆ كوڕو كچی بە شێوەیەكی بەربڵاو بەكارهێنابێ.
بۆیە مافێكی رەوای خۆمانە ئێمەی كورد، نەك هەر شانازی بەو رۆژەوە بكەین و بە شكۆیی و نەمرییەوە یادی بكەینەوە، بەلكو پێویستە بە تایبەتی لەسەر پەرلەمان و حكومەتی كوردستان:
ناولێنانی نەورۆز بە جەژنێكی نەتەوایەتی كورد و دەستنیشانكردنی چەند رۆژێك وەكو پشوویەكی فەرمی ئەویش لە توێی یاسایەكی تایبەتەوە.
حكومەتی هەرێم رۆژێك لە رۆژانی نەورۆز تەرخان بكا بۆ سازدانی فیستڤاڵێكی شایەن بەو رۆژە بە شێوەیەك لە ئاست فیستڤاڵە گەورەكانی میللەتانی جیهان بێ.
بەكارهێنانی ساڵنامەی كوردی وەك ساڵنامەیەكی فەرمی لە ناو حكومەت و گوزەرانی خەڵك دا. ساڵانەش رۆژی نەورۆز بكرێتە یەكەم رۆژی سەری ساڵی كوردی، بە هەموو داب و رەسمی سەری ساڵانەی زایینی، بە تایبەتی پێغەمبەری كوردان زەردەشت لە یەكەم رۆژی نەورۆزدا لە دایك بووە.