وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لە هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان نیگەرانین

 

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “نیگەران”ی وڵاتەکەی لە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

 

جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان جێگەی “نیگەرانین.” دەشڵێت، بەکارهێنانی درۆن و مووشەکی بالیستی لە لایەن ئێرانەوە زیانی گیانی هەبوو.

 

لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد: ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتر دەکات بۆئەوەی سەرنجمان لەسەر سەرکوتکردنی دڕندانەی خەڵکی نێوخۆی وڵاتەکەی لاببات.

 

لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: نیگەرانیی خۆمان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. دەشڵێت، “داوامان لە حکومەتی تورکیا کردووە لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.”

Back to top button