كه‌مپی‌ ئه‌ترووش.. سه‌رۆك بارزانی‌ چۆن باسی‌ هاتنی‌ 25 هه‌زار كه‌سی‌ باكوری‌ كوردستان ده‌كات؟

له‌ بەرگی پێنجەمی كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد، سه‌رۆك بارزانی‌ باسی‌ كه‌مپی‌ ئه‌ترووش ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیا نزیكه‌ی‌ 20 هه‌زار كه‌س له‌ هاووڵاتییانی‌ باكوری‌ كوردستان ماڵی‌ خۆیان جێهێشت و روویان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كرد، كه‌ له‌ ژێر چاودێری‌ UNHCR كه‌مپێكیان له‌ ئه‌ترووش بۆ كرایه‌وه‌.

سه‌رۆك نووسیویه‌تی‌” له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و گوشاره‌كانی‌ توركیا ئه‌مس بار، نوێنه‌ری‌ UNHCR كه‌ له‌ ئه‌سڵدا خه‌ڵكی‌ به‌نگلادیش بوو، له‌گه‌ڵ عه‌بدولعه‌زیز ته‌یب پارێزگاری‌ دهۆك سه‌ردانی‌ كردم و پێی‌ گوتم كه‌ توركیا گوشارێكی‌ زۆر هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌مپی‌ ئه‌ترووش دابخرێت و ئاڵای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر كه‌مپه‌كه‌دا نه‌مێنێت، نوێنه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كه‌مپه‌كه‌یش رای گه‌یاند كه‌ نایانه‌وێت دانیشتووانی‌ كه‌مپه‌كه‌ ببن به‌ قوربانی‌ و توركیا ئازاریان بدات، به‌ڵام پێویسته‌ بگوازرێنه‌وه‌ كه‌چی‌ دانیشتووانی‌ كه‌مپه‌كه‌ رازی‌ نین بگوازرێنه‌وه‌، خه‌ڵكێكی‌ هه‌ژار و داماون، به‌ڵام چه‌ند كادیرێكی‌ په‌كه‌كه‌ خۆیان خزاندووه‌ته‌ ناو كه‌مپ و بوونه‌ته‌ هۆی‌ دروسبوونی‌ گێره‌شێوێنی‌ و ئاڵۆزی‌ ناو كه‌مپه‌كه‌ و خه‌ڵكیان هانداوه‌، بژارده‌ی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكوومه‌تی‌ عێراق، چونكه‌ ئاڵای‌ UNHCR ته‌نیا تا دوا رۆژی‌ جه‌ژن له‌سه‌ر كه‌مپه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و پێویسته‌ ئه‌وكات چاره‌سه‌رێك بدۆزرێته‌وه‌.

له‌و ماوه‌یه‌دا نامه‌یه‌كی‌ سه‌فین دزه‌ییمان بۆ هات كه‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا ئاگه‌دارنامه‌یه‌كی‌ توندی‌ داوه‌ته‌ پارتی‌ كه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات كه‌مپی‌ ئه‌ترووش دابخرێت، سه‌یره‌!، بۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پارتی‌ ده‌كه‌ن؟ ئه‌وانیش ده‌زانن كه‌ كه‌مپ له‌ژێر چاودێریی UNHCR دایه‌، له‌ وه‌ڵامدا پێمان راگه‌یاندن كه‌ كێشه‌كانتان له‌گه‌ڵ UNHCR چاره‌سه‌ر بكه‌ن و بۆچی‌ ئێمه‌ ئاگه‌دار ده‌كه‌ن؟ هیچ پێوه‌ندییه‌كی‌ به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌، چه‌ندین جار رامان گه‌یاندووه‌ كه‌ به‌زمانی‌ هه‌ڕه‌شه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن” سه‌رۆك بارزانی‌ وای‌ نووسیوه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌، ئه‌وه‌ بوو به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ UNHCR له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ دانیشتووانی‌ كه‌مپه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌، خه‌ڵكێكی‌ ساده‌ و ساكار و بێتاوان و داماو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێم وتن” پێویسته‌ بزانن كه‌ ئێره‌ وڵات و ماڵی‌ خۆتانه‌، به‌ڵام ئێسته‌ توركیا هاتووه‌ته‌ سه‌ر هێڵ و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات، ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌ ده‌ستمان بێت له‌سه‌ر زه‌وی‌ رێغی‌ ناكه‌ین له‌ پاراستنتان، به‌ڵام دژی‌ فڕۆكه‌كان هیچمان له‌ ده‌ست نایه‌ت.

دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كادیری‌ په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ناو كه‌مپه‌كه‌دا بوون به‌نیازی‌ گێره‌شێوسێنی‌ و نانه‌وه‌ی‌ ئاژاوه‌ و قسه‌ی‌ زل. له‌ ئه‌نجامدا UNHCR توانی‌ قه‌ناعه‌ت به‌ حكوومه‌تی‌ عێراقی‌ بێنێت كه‌ رێگه‌ بدات كه‌ كه‌مپه‌كه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ مه‌خموور و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ كێشه‌كه‌ هات.

Back to top button