ئەنجومەنی وەزیران: ئەنجومەنی ڕاژە ڕاسپێردرا، بۆ تاوتوێکردنی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و کارمەندانی گرێبەست

ئەنجومەنی وەزیران دیدگا و ستراتیجی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2022، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی دیدگا و ستراتیجی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتی کە لە لایەن سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی خرایە ڕوو.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی کرد، کە دامەزراوەیەکی زۆر پێویستە بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی و یەکێکیشە لە بڕگەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاکسازیی ئیداری و ڕێکخستنەوەی میلاکی گشتیی فەرمانبەران و سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە و پێداچوونەوە بە پەیکەری پێکهاتەی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان، بە میکانیزمێکی زانستی و گونجاوتر و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی حکومەت لە‌ پرسی ڕێکخستنەوەی میلاکات و درێژەپێدانی ڕیفۆرمی ئیداری و ڕێکخستنی پلەبەندی ڕاژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتی بەپێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاریکردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەکانی حکومەت، پشتبەست بە میلاكاتی ئە‌لیكترۆنی کە بڕیارە بە ئامانجی بەئەلیکترۆنیکردنی دۆسیەی فەرمانبەران و شەفافکردن و نەهێشتنی ناڕێکییە کارگێڕییەکان دروست بکرێت.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، دیدگا و ستراتیجی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ، ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی ڕاسپێردرا، بە تاوتوێکردنی بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و کارمەندانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێم، لەبەر ڕۆشنایی دیدگا و ستراتيجی پەسەندکراوی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی.

لە بڕگەی دووەمدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەپێناو ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی موڵکی گشتی، پێشنیارێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو، سەبارەت بە هەموارکردنی شێوازی بەکرێدانی ناوچە پیشەسازییەکان، کە موڵکی گشتین. بە مەرجێک ڕەچاوی ئاسانکاریی پێویست بکرێت، بۆ برەودان بە پڕۆژە و چالاکیيە پیشەسازییەکان و ڕێگەنەدرێت بە کەسانێک کە خاوەنی هیچ پیشە و چالاکییەکی پیشەسازیی نین، بە شێوەیەکی ناڕەوا، سوود لە زەوی پڕۆژەکان وەربگرن و زیان بە بەرژەوەندیی گشتی بگەیەنن.
دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و ڕاسپاردە، ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیارەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشنیار و تێبینییانەی خرانەڕوو، پەسەند کرد.

پاشان ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە ڕەوشی پێکهاتەی نەتەوەیی تورکمان و کلدانی سریانی ئاسووری و ئەرمەن و پێشنیاریان بۆ جێگیرکردنی ڕۆژێک وەک بۆنەیەکی فەرمی لە ڕۆژژمێری فەرمیی هەرێمی کوردستان بەناوی (ڕۆژی بەیەکەوەژیان) پشتبەست بە یاسای یاسای مافی پێکهاتەکان ژمارە 5ی ساڵی 2015 پێشکەش کرد.
سەرۆکوەزیران، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان کردەوە کە بووەتە سیمایەکی گەش و مایەی شانازیی هەمووان و دووپاتی کردەوە کە هەرچی پێویست بێت بۆ برەودان بە کولتووری پێکهاتە جیاوازەکان دەیکەین، لەپێناو زیاتر لەیەکنزیککردنەوەی پێکهاتەکان و دەوڵەمەندکردنی کولتووری هەمەڕەنگی کوردستان و خزمەتکردنی گشت هاونیشتمانییانی کوردستان بەبێ جیاوازی.
دوای گفتوگۆ وڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بۆ بەدواداچوونی پێشنیارەکانی هاتوو لە ڕاپۆرتی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لەپێناو برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە کوردستان، کە نیشتمانی هاوبەشی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانە بەبێ جیاوازی، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان.

لە بڕگەی چوارەم و کۆتاییدا، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، کەمال موسلیم ڕاپۆرتێکی دەربارەی کێشەکانی تایبەت بە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان و کۆگاکان و گواستنەوەی ئەو بەشەخۆراکە و هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی فیدراڵی بۆ مسۆگەرکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان پێشکەش کرد، بە ئامانجی چارەسەکردنی ئاستەنگ و کێشەکانی تایبەت بەم بابەتە و چارەسەرکردنی دواکەوتنی گەیشتنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانی هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیكردن لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی، بۆ سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵی و دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەم بارەیەوە، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم. لە هەمانکاتدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پلاندانان و دارایی و ئابووری) ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیە، کار بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشیی خۆراک لە هەرێم و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەشدا، پێشنیارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بکەن.

 

 

Back to top button