لە چلەی ژینا ئەمینی دوو هاووڵاتی لە شارەکانی مەهاباد و سنە بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لە دەستدا

له خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردووی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان 13 شاری گرتەوە، لانی کەم دوو هاووڵاتیی لە شارەکانی مەهاباد و سنە بە ناوەکانی ئیسماعیل مەولوودی و محەمەد شەریعەتی، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شەوی چوارشەممە 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، لە شاری سنە، لاوێکی تەمەن 21 ساڵ بە ناوی محەمەد شەریعەتی، لە کەمەربەندی 25 ئەو شارە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە حکومیەکان کوژرا.

بەگوتەی سەرچاوەکان، محەمەد شەریعەتی تاقانە کوڕی بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی سیاناوی سەر بە شارۆچکەی موژ بووە.

لە لایەکی دیکە و هاوکات، لە خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد، لاوێکی دیکە بەناوی ئیسماعیل مەولوودی، تەمەن 35 ساڵ ناسراو بە سمکۆ، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە کانی حکومەت گیانی لەدەستدا.

شەوی رابردوو تەرمی سمکۆ لەسەر شانی خەڵک بەوتنەوەی دروشمی “شەهید نامرێ” بۆ مزگەوت گوازراوەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ رێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو بەڕێوەبچێت.

Back to top button