گرنگترین خاڵه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێی عێراقدان

 

له‌كارنامه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌ له‌باره‌ی ئه‌و دۆسیه‌ و بڕیارانه‌ی تایبه‌تن به‌ هه‌رێمی كوردستان.

 

یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی ناو كارنامه‌كه‌ دياريكردن و خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی ئه‌و هاووڵاتییانه‌یه‌ كه‌ بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه و دووباره‌ پێكهێنانه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كی باڵا دوای مانگێك له‌ پێكێهنانی حكومه‌ت.

 

له‌برگه‌ی یاسادانانی كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێدا هاتووه‌، پرۆژه‌یاسای دادگای فیدراڵی و پرۆژه‌یاسای ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ده‌رده‌چێت.

 

له‌باره‌ی ئه‌و هێزانه‌ی له‌ناو شاره‌كانن، له‌ كارنامه‌ی حكومه‌تدا هاتووه‌، پێویسته‌ سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و له‌جیاتی ئه‌وان پۆلیسی خۆجێیی و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان دۆسیه‌ی ئه‌منی له‌ناو شاره‌كان بگرنه‌ده‌ست.

 

سه‌باره‌ت به‌و هێزانه‌ی له‌ناو شاری كه‌ركووك هه‌ن، ‌له‌كارنامه‌ی حكومه‌تدا هاتووه‌، فه‌وجی فریاكه‌وتن له‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك  پێكده‌هێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگایه‌كه‌  بگرنه‌ده‌ست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو پێداویستییه‌كانیان بۆ دابینده‌كرێت.

 

له‌باره‌ی به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و قوتابخانه‌ كوردییانه‌ی ده‌كه‌ونه‌  ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كارنامه‌كه‌دا هاتووه‌، هه‌موو ئه‌و قوتابخانانه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی خوێندنی كوردیی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی فیدراڵی و گواستنه‌وه‌ی راژه‌كانیان بۆ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌.

Back to top button