ماددەی 140 و نەوت و بودجە لە ماوەى شەش مانگ یەکلایی دەکرێنەوە

 

بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى نوێى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دۆسییەکانى نەوت، بودجە و ماددەى 140، لە مانگێک بۆ شەش مانگ یەکلایی دەکرێنەوە، حیزبە کوردستانییەکان بارەگایان لە ناوچە جێناکۆکەکان وەردەگرنەوە و چالاکیى سیاسى دەستپێدەکەنەوە.

 

ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەدواى هەموارى یاساکەى و هەڵبژاردنى پێشوەختى پەرلەمان لە ماوەى ساڵێکدا و پێداچوونەوە بە بڕیارەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر، دیارترین ئەو هەنگاوانەى دیکەن کە سوودانى لە کارنامەکەیدا بەڵێنى جێبەجێکردنى داون.

 

کەرکووک دەدرێتە دەست هێزێکى خۆجێیی و رێکارەکانى رێککەوتنى پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنى نێوان پێشمەرگە و هێزەکانى فیدڕاڵى تەواو دەکرێن و رێککەوتنى شنگال دەخرێتە نێو کارنامەى جێبەجێکردنەوە.

 

بڕیارە ئەمڕۆ 27ى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر وەزیرانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق و کارنامەکەى بدات.

 

چارەسەر بۆ ناوچە کوردستانییەکان

 

لە کارنامەى کابینەى نوێى حکومەتى عێراقدا هاتووە، کە رێککەوتنى شنگال دەخرێتە کارنامەیانەوە بۆ گەڕاندنەوەى ئارامى بۆ ئەو قەزایە کە لە ساڵى 2021 لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى واژۆکراوە بەبێ ئەوەى تەواوى خاڵەکانى جێبەجێ بکرێت.

 

هەروەها ئاماژەى بەوە داوە، سەرجەم پارتە کوردستانییەکان مافیان هەیە کە لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین چالاکیى سیاسیى دەستوورى بکەن و بارەگاى پارتە کوردستانییەکان لەو شارانە کە بەدەست لایەنى دیکەوەن چۆڵ دەکرێن.

 

بە گوێرەى کارنامەکە، رێوشوێنەکانى تایبەت بە رێککەوتنى پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنى لە نێوان هێزەکانى فیدڕاڵى و پێشمەرگە تەواو دەکرێن و بەڵێندراوە کە لە ماوەى مانگێک دواى پێکهێنانى حکومەت، لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستوورى عێراق پێکدەهێندرێتەوە و قەرەبووى ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە ماددەى 140 دەیانگرێتەوە.

 

کارنامەکە جەخت لە بەستنەوەى خوێندنگە کوردییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بە وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى فیدڕاڵی دەکاتەوە و سەرجەم کارمەندانى دەگوازنەوە سەر بەغدا.

 

ئەوەى پەیوەندیدارە بە دۆخى ئەمنیی کەرکووک، بڕیاردراوە بە پێکهێنانى چەند فەوجێکى هێزى ئامادەى پۆلیسی فیدڕاڵى لە خەڵکى کەرکووک و دۆسیەى ئەمنیى شارەکە وەردەگرێت.

 

کێشەى هەڵپەسێردراو؛ نەوت و بودجە

 

لە کارنامەکەیدا، محەممەد شیاع سوودانى جەختى لە هاوئاهەنگى کردووەتەوە لە نێوان حکومەتى فیدڕاڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ئەو دۆسیانەى پەیوەندارن بە هەرێمى کوردستانەوە و دەڵێت: “پڕۆژە بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى بەگوێرەى دەستوور پێشکێش دەکەین”.

 

هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان سەرپشک دەکرێن بۆ دانوستاندن لەبارەى دۆسیەى نەوت و بودجە تاوەکو لە ماوەى شەش مانگدا یاساى نەوت بە گوێرەى دەستوور گەڵاڵە بکرێت.

 

لە بەشێکى دیکەى کارنامەکەدا هاتووە: کە لیژنەیەکى تایبەتمەندى یاسایی و دارایی و نەوتی لە هەردوو حکومەتى فیدراڵی و هەرێمى کوردستان پێکدەهێنرێت کە چەند ئەرکێکیان دەبێت، لەوانە؛ پێداچوونەوە بە کەرتى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیی نێوان وەزارەتى نەوتى فیدڕاڵى و هەرێمى کوردستان بۆ پاکتاوکردنى قۆناخى پێشوو بەگوێرەى دەستوور.

 

هەروەها ئەو لیژنەیە کار لەبارەى رێککەوتن لەسەر میکانیزمێکى دەستووری بۆ رێکخستنى پەیوەندیى داهاتووی نێوانیان دەکات لەبارەى کەرتى نەوت بۆ گەرەنتیکردنى مافى سەرجەم عێراقییەکان لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى دیکەى عێراق.

 

ئەو لیژنەیە کار لەسەر ئەوە دەکات کە لە ئەمساڵدا، یاساى بودجەى فیدڕاڵى 2022 جێبەجێ بکرێت و لە هەمان ماوەدا رێککەوتن لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى بکرێت لەبارەى پڕۆژە یاساى بودجەى 2022.

 

کارێکى دیکەى لیژنەکە راگرتنى رێوشوێنە ئاڵۆزەکان و پێداچوونەوە دەبێت بەو رێوشوێنانەى بەرانبەر بە هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکانى گیراونەتە بەر کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن و هەردوولا بەشێوەیەکى شەفاف کاردەکەن تاوەکو لە ماوەى شەش مانگدا یاساى نەوت و گاز گەڵاڵە دەکرێت.

 

هەناردەى نەوت

 

لە کارنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، پەرە بە سیستمى هەناردەى نەوت دەدرێت لە رێگەى دەریایی لە باشوور و لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکى لە باکوورەوە.

 

هەروەرها باسی لەوە کردووە، کە دەروازەى دیکەى هەناردەى نەوت دەدۆزنەوە لە رێگەى وڵاتانى دراوسێ بۆ سەر هەردوو دەریاى سپى نێوەڕاست و دەریاى سوور بۆ ئەوەى هەناردەى نەوت بەشێوەیەکى رێکخراو ئەنجامبدرێت و خۆیان دوور بگرن لە راوەستانى لەناکاوى هەناردەى نەوت لەو رێگەیانەى کە ئێستا نەوتیان لێوە هەناردە دەکرێت و بڕى بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوتیش زیاد بکەن.

 

لە بەشێکى دیکەى کارنامەکەدا باسی دروستکردنى کۆگەی دیکەى نەوت کراوە بۆ گەرەنتیکردنى بەردەوامى هەناردە و پێداویستیی نێوخۆیی و وێستگەکانى کارەبا.

 

هەڵبژاردن لە ساڵێکدا

 

لە کارنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پڕۆژەیاسای هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان لە ماوەى سێ مانگدا ئامادە دەکەن و لەماوەى ساڵێکدا هەڵبژاردنى پێشوەختى پەرلەمانى عێراق ئەنجام دەدرێت و پاڵپشتیى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان.

 

بەگوێرەى کارنامەکە، پێداچوونەوە بە یاسای ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکەن لەپێناو باشکردنى تواناى ئەو ئەنجوومەنانە وەک ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.

 

چەند هەنگاوێکى دیکە

 

یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى کارنامەکە چارەسەکردنى ناڕوونى پەیوەندیی نێوان حکومەتى فیدڕاڵى و حکومەتە خۆجێییەکان و هەرێمى کوردستانە بەگوێرەى دەستوور.

 

هەر لە کارنامەکەدا هاتووە: پێداچوونەوە لە سەرجەم بڕیارەکانى حکومەتى کاربەرێکەر بە تایبەت ئەو بڕیارانەى پەیوەندیدارن بە کەرتى ئابوورى، ئەمنى و ئەوەى ناوى ناوە “دامەزراندنى بێسەروبەر بەبێ لێکۆڵینەوە”.

 

هەروەها بەڵێنى ئەوە دراوە کە بودجەى پترۆدۆلار بۆ پارێزگاکانی بەرهەمهێنەرى نەوت و گاز بە رێژەى 5% دەستپێبکاتەوە و شایستە داراییەکانى پێشووى ئەو پارێزگایانە پاکتاوبکرێن بەگوێرەى ئەوپارەیەى لەبەردەستدایە لە ماوەیەکى دیاریکراودا.

 

هەروەها باس لە ئەنجامدانى پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى ئەو ناوچانە کراوە لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین کە بەهۆى شەڕى داعشەوە خاپوورکراون و لە ماوەى شەش مانگ لە پاش پێکهێنانى حکومەت، ئاوارەکان دەگەڕێندرێنەوە زێدى خۆیان. هەروەها بەڵێن دراوە کە لە ماوەى شەش مانگدا هەردوو یاساى ئەنجوومەنى فیدڕاڵ و یاساى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى ئامادە بکەن.

Back to top button