نێچیرڤان بارزانی بۆ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی: ئاماده‌ی گفتوگۆین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور

له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستاندا هاتووه، “بە بۆنەی پەسەندکردنی کارنامە و متمانەبەخشین بە کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقه‌وه، بە گەرمی پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە گرنگە لە هەموو عێراقییه‌کان دەکەین. پیرۆزبایی تایبەتیمان بۆ سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سوودانی و ئەندامانی کابینەکه‌ی لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ هه‌موویان لە ئەرکه‌که‌یاندا”.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هیوای خواستووه، ئەم هەنگاوە سەرەتای کۆتاییی مەینەتییەکانی خەڵکی عێراق و ده‌سپێکێکی نوێ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشه و قەیرانەکان، گەشەی ئابووری، پەرەپێدانی خزمەتگوزاری، سەقامگیری و ئاسایش، ڕاستەڕێبوونەوەی پڕۆسەی سیاسی، چارەسەری دەستورییانەی کێشەکانی هەولێر – به‌غدا و گەڕانەوەی متمانەی گەل بە دامەزراوەکان و ئاوەڕدانەوەی جددی حکوومەت لە داخوازییە رەواکانی هاووڵاتیان.
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووه، “بەم بۆنەیەوە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی کارنامە و هێنانەدی بەڵێنەکانی حکوومەتی نوێ رادەگەیەنین. وەک هەمیشە ئامادەییی خۆمان بۆ چارەی هەموو گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بە گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستووردا دووپات دەکەینەوە”.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامه‌كه‌یدا، جه‌ختیشی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی گرفت و كێشه جۆراوجۆره‌كانی عێراق و تێپه‌ڕاندنی دۆخی ئێستای عێراق كردووه‌ته‌وه و رایگه‌یاندووه، “ئەرک و بەرپرسییاریه‌تیی هاوبەشی هەموو لایەکمانە، بەرژەوەندیی عێراقییه‌کان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لێمان دەخوازێ هەمووان لە ئاستی ئەو بەرپرسییارییه‌تییەدا بین”.